شەجەریان کۆچی دواییکرد

  2020-10-08  | 
محەمەد ڕەزا شەجەریان هونەرمەندی ناوداری فارس لە تەمەنی 80 ساڵیدا کۆچی دواییکرد
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەمەد ڕەزا شەجەریان هونەرمەندی ناوداری فارس بەهۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەمێک پێش ئێستا هونەرمەندی ناوداری فارس محەمەد ڕەزا شەجەریان کە بە پاشای ئاوازی ئێران ناسراوە، لە نەخۆشخانەی جەم-ی شاری تاران کۆچی دوایی کردووە.

ماوەی چەند ساڵێک بوو شەجەریان گیرۆدەی شێرپەنجەی ریخۆڵە بوو و بۆ دواجار ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بەهۆی دابەزینی فشاری خوێن و هەوکردنی ریخۆڵەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی جەم لە تاران کرا و لە بەشی ICUدا خەوێندرا و لەو کاتەشەوە تاوەکو ئەمڕۆ لە کۆمادابوو.

نەورۆزی ساڵی ٢٠١٦ بۆ یەکەم جار، شەجەریان ئاشکرایکرد کە ماوەی ١٥ ساڵە تووشی شێرپەنجە بووە و لەو کاتەشەوە بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەیناڵاند و لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو. 

پاشای ئاوازی ئێران ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بەبڕیاری بنەماڵەکەی تەرمەکەی ڕەوانەی مەشهەد دەکرێتەوە و لەو شارە بەخاک دەسپێردرێت.

شەجەریان ساڵی ١٩٤٠ لە شاری مەشهەدی سەر بە پارێزگای خوراسان لەدایک بووە، هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی قورئان و دواتر وتنی ئاوازی کلاسیکی فارس بووە، کۆمپانیای "دڵ ئاواز"ی دامەزراند و لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ و ٨٠ کاری هونەری لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی ناوداری فارس لەوانەش پەرویز مۆشکاتیان، درایوش پیرکانیان، محەمەد ڕەزا لوتفی، جەمشید عەندەلیبی، حسێن عەلیزادە و کەیهان کەلهۆڕ دەستپێکرد و ئەنجامەکەشی دەیان کۆنسێرت و بڵاوکردنەوەی زیاتر لە ٥٠ ئالبۆمی مۆسیقا بوو.

محەمەد ڕەزا شەجەریان چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لەبواری ئاواز و مۆسیقای فارس بەدەستهێناوە، لەوانەش، خەڵاتی "خواوەندی مۆسیقا"، خەڵاتی "بیتا"ی زانکۆی ستنفۆردی ئەمریکا، و خەڵاتی "پیکاسۆ" و مەدالیای شەرەفی رێکخراوی یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٩.

شەجەریان ساڵی 1961 لەگەڵ خاتو فەرخوندە گوڵ ئەفشان، ئاشنا دەبێت و لەشاری كوردنشینی قوچان پێكەوە ژیانی هاوبەش پێکدەهێنن و دەبنە خاوەنی سێ كچ و كوڕێك، لە ئێستاشدا هومایون-ی کوڕی یەکێکە لە هونەرمەندە بەتوانا و دەنگخۆشەکانی فارس.




ڕیکلام