بانکی نێودەوڵەتی: کۆرۆنا ١٠٠ ملیۆن کەسی هەژار خستووە

  2020-10-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە ملیۆنان کەس لەسەرانسەری جیهاندا ڕوبەڕوی هەژاری بوونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی کە لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە ٨٨ ملیۆن بۆ ١١٤ ملیۆن کەس ڕوبەڕوی برسێتی بوونەتەوە.

ئەو ژمارەیە بە گەورەترین زیادەی ڕێژەی برسێتی و هەژارییە لە دوای ساڵی ١٩٩٠وە، وەک بانکی نێودەوڵەتی پشتڕاستی زانیارییەکانی کردووەتەوە.

ئەو پێوەرەش کە بانکەکە پشتیوانی پێ بەستووە، هەژاری برسێتی ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە کەڕۆژێکدا دوو دۆلاریان دەستدەکەوێت، یان لە ساڵێکدا ٧٠٠ دۆلاریان دەستدەکەوێت.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی بانکی نێودەوڵەتی تا ساڵی داهاتوو چاوەڕواندەکرێت ئەوانەی کە لە خوار هێڵی هەژارییەوە لەسەر ئاستی جیهان ژیان بەسەر دەبەن، ژمارەیان بگاتە ٧٠٣ بۆ ٧٢٩ ملیۆن کەس.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، بەر لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەژاریدا ژیانیان بەسەر دەبرد لە جیهاندا ژمارەیان ٦١٥ ملیۆن کەس بووە.

کارولینا سانشیز بارامۆ لێپرسراوی بانکی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەم دۆخەی ئێستا خراپترین شکست و نسکۆیە کە جیهان بەخۆیەوە دیوە، بە تایبەت لە دوای قەیرانی ئابوری ساڵی ٢٠٠٨ کە هەموو جیهانی گرتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر هەژاری بەزۆری لەناوچە گوندنشین و دورە دەستەکاندا بووە، کە ڕێژەی خوێندەواری تیا نزمبووە و  زۆربەشیان لە بواری کشتوکاڵدا کاریانکردووە، بەڵام دوای تەشەنەکردنی کۆرۆنا هەژارییەکە ناوچە ئاوەدانیەکان و شارەکانی گرتنەوە بە هەموو چین و توێژەکانییەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ئەو هەوڵانەی کە دەدران بۆ وەدیهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام، بە تایبەت بە وڵاتە هەژار و گەشەسەندووەکاندا.

لە کۆتایدا ڕاپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، سێ دەیەی ڕابردوو بووە هۆی سەرهەڵدان و گەشەسەندنی ئابوری وڵاتەکانی چین و هیندستان و ڕزگارکردنی ملیۆنان کەس لە هێڵی هەژاری، لە ئەمریکای لاتینیش ڕێژەی هەژاری کەمیکرد بۆ نیوە، هەموو ئەوان پێش پەتای کۆرۆنا بوون.



ڕیکلام