جەزای سەید مەجید بۆ بەرپرسانی پارتی: بە دەهۆڵ كوت و زوڕناژەنەكانتان هاوسەرۆكی یەكێتیی مەزنتر دەبێت

  2020-10-08  | 
سلێمانی
جەزای سەید مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەزای سەید مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی وەڵامی بەشێک لە کادیران و میدیاکانی پارتی دایەوە و ڕایگەیاند، بە دەهۆڵ كوت و زوڕناژەنەكانتان هاوسەرۆكی یەكێتیی مەزنتر دەبێت.

جەزای سەید مەجید لە نوسینێکدا بڵاویکردەوە، "چەند رۆژێكە بە پیلان و مەرامێكی گڵاو ژمارەیەك لە سەركردایەتی و كادیرانی پارتی لە كەناڵەكانی راگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاوە پەلاماری رەمز و شكۆی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، جەنابی شێخ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی دەدەن، كە بەخەیاڵ پڵاوی خۆیان دەهۆڵی ئەوە دەكوتن كە یەكێتیی لە ناو ناكۆكی و ململانێدایە، دەیانەوێت رای گشتی چەواشە بكەن و چاو و سەرنجی خەڵك لەسەر ئەو قەیرانە یەك لەدوایی یەكانەی پێ پەردەپۆش بكەن كە سەرۆكەكانیان خولقێنەرین".

ئاماژەوەی بەوەشکرد، "هاوسەرۆكان و یەكێتیەكان و كۆمەڵانی خەڵك ئەو راستیە باش دەزانن كە چەند دەم رووت  و ئەڵقە لەگوێیەكی ئیعازپێكراو رووپەری رۆژنامە و كەناڵ و سۆشیاڵ میدیا چەواشەكارەكانیان پڕ بكەن لە درۆ و دەلەسەی سواو، ئەو كەناڵانەی كە بە قوتی دزراوی ئەم میلەتە ژەهر دەرێژنە ناو كۆمەڵگەوە".

ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ١ی رێكخستنی سلێمانی ڕاشیگەیاند، "كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئەو راستیە باش دەزانن كە قۆرخكاری دەسەڵات و ئابوری و ئازادی كوردستان لەلایەن پارتیەوە  مۆنۆپۆڵ كراوە، پارەو قوتی ئیبراهیم خەلیل و عەین زالەو بۆری نەوتی كوردستان و قاچاخچێتی و دەیان سەفەقاتی تر لە پێناو مانەوەی بنەماڵەكەیاندا بەفیڕۆ دەدەن، لێرەوە بەو سەركردایەتیانەی پارتی دەڵیم چاوێك بەو مێژوە پڕ لە شەرمەزارییانەدا بخشێننەوە كە خیانەت و كورد كوشتن و كورد فرۆشتنتان داهێنا و هەر بەو تایپە متروبە كراون، باشیش دەزانین كوێتان دێشێ! چاوتان بە سەروەرییەكان  و سەركەوتنەكانی یەكێتی و كۆنگرەی چوارەم و خۆشویستنی لە رادەبەدەری كۆمەڵانی خەڵك لە هەر چوار پارچەی كوردستان و كورانی تاراوگە  بۆ كاك شێخ لاهور و پێگە و پایەی لە هەرێمی كوردستان و عیراق و وڵاتانی ئیقلمی و جیهانیدا هەڵنایە،  ناچار سیربخۆن و زۆڕنا بژەنن".

لە كۆتایی نوسینەکەیدا جەزای سەید مەجید دەڵێت، "بەخۆتان و ئاغاكانتان دەڵێن ئیستغلالی پەرۆشیمان بۆ یەكریزی نێو ماڵی كورد مەكەن كە قوربانی زۆرمان لە پێناودا داوە، ئەو دەم روت و بێ شوناسانە بێ دەنگ و دەم كوت نەكەن ئەوا مێژوی پڕ خیانەتی پارتە تۆتالیترەكەتان لە ١٩٤٦ وە هەتا هەنووكە و پیلانە گڵاو و بۆگەنەكاتان ئاشكرا دەكەین و هەرچی لە ژێر بەڕەیە دەیخەینە سەر بەڕە و  دەست لە سەرۆكەكانتان و هیچ كەسێكتان ناپارێزین".



ڕیکلام