شاندێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ سەردانی بەغدا دەکات

  2020-10-08  | 
هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەمەبەستی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال، سبەی هەینی شاندێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ سەردانی بەغدا دەکات.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەیانی ریکەوتی  9/10/2020  شاندیکی باڵا لە حکومەتی هەریمی کوردستان بە سەرپەرشتی رێبەر احمد وەزیری ناوخۆ بەروە بەغدا بەڕێدەکەون بەمەبەستی رێککەوتن لەگەل حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخ و گەرانەوەی سەقامگیری بۆ قەزای سنجار" .

پێنجی ئەم مانگە، لەمیانی ئامادەبون لە پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "شنگال به‌ به‌شێكی دانه‌بڕاوی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانین‌، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق قسه‌مان كردوه‌، به‌داخه‌وه‌ دوای روداوه‌كانی 2017 هه‌رێمی كوردستان جارێكی دیكه‌ به‌ ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكی شنگال، گوتیان نامانه‌وێت توشی شه‌ڕ بین، ئیداره‌كان كشانه‌وه‌، ئێستا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵیدایه‌".

شنگال شارێکە لە پارێزگای موسڵ، دە‌کە‌وێتە‌ ئە‌وپە‌ڕی‌ رۆرئاوای‌ باشوری کوردستان، 120 کیلۆمەتر لە‌ شاری‌ موسڵە‌وە‌ دورە‌‌،  لە ئەنجامی کۆمەڵکوژی رێکخراوی چەکداری داعش دژی ئێزدییەکان کە لە 3-8-2014 ئەنجامیدا نزیکەی 310 هەزار هاوڵاتی ئێزدی ئاوارەبون، هاوکات تا ئێستا هەزار و 293 کەس شەهیدبون.



ڕیکلام