بەڕێوەبەری کۆمپانی دایۆی کۆری لە عێراق خۆی کوشت

  2020-10-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەت کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بە پەلە بکات بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری خۆکوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی کۆری کە کاری جێبەجێکردنی بەندەری فاوی لە ئەستۆ گرتووە.

کەعبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "جێگەی سەرسوڕمانە کە ڕوداوی خۆکوشتنی بەڕیوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکە، دوای ڕاگەیاندنی فەرمی وەزارەتی گواستنەوەیە، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاشکرایکردبوو، ئیمزاکردنی قۆناغی یەکەمی بنیاتنانی بەندەری فاوی مەزن لەگەڵ کۆمیانیایەکی کۆریدا نزیکبووەتەوە و گەیشتووەتە شێوازی کۆتایی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە".

داواشی لە حکومەت و لایەنە پەیوەندارەکان لە بەسرە کردووە، لێکۆڵینەوەی بە پەلە و ورد بکەن بۆ ئاشکراکردنی روداوی خۆکوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی کۆری، کە گرێبەستی بنیاتنانی بەندەری فاوی گەورەی بۆ دەرچووە لە پارێزگای بەسرە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ڕوداوەکەی بە مەترسیدار ناوبردووە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە دابینکردنی هەموو لایەنی ئەمنی بۆ هەموو وەبەرهێنێک لە ناوخۆیی وڵات، ئەوە سەرباری بوونی تایبەتمەندی ئابوری لە بنیاتنانی بەندەری فاوی مەزن و پێویستی پەلەکردن لە تەواوکردنی پرۆژەکە بەو تایبەتمەندییانەی کە عێراق دەیخوازێت.

لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەرباریە ڕوداوەکە ڕایگەیاند، خۆکوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی کۆری کە بنیاتنانی بەندەری فاوی گەورەی لە ئەستۆ گرتووە، هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر بەردەوامی پڕۆژەکە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای دایۆ لای خۆیەوە ڕایگەیاندووە، خاوەنی پسپۆڕی و شارەزای ئەوتۆیە، دەتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکانی لە بەندەرەکەدا و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری ڕوداوەکە.

لە لایەکی ترەوە وەلید شەریفی قایمقامی قەزای فاوی سەر بە پاریزگای بەسرە ڕایگەیاند، دۆسییەکی تایبەت کراوەتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕوداوی خۆکوشتنی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی کۆری، کە بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بەندەری فاوی مەزن.

شەریفی بە ئاژانسی هەواڵی نیشیتمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەو شوێنەی  تەرمی بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکەی لێ دۆزراوەتەوە، نزیکە لە بەندەری فاو بە ١٠ کیلۆمەتر، ناوچەکەش کامێرای چاودێرییان تێدایە و لەڕووی ئەمنییەوە بەتەواوی پارێزراوە.

ئاشکراشیکرد دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوەیان لە روداوی خۆکوشتنەکە دەستپێکردووە و دۆسییەکە لەبەردەمی دادوەری لیکۆڵینەوەدایە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاری روداوەکە و هەموو بەڵگەیەکی تاوانیش لە شوێنی ڕوداوەکە هەڵگیراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، بەڕێوەبەری جیبەجێکردنی کۆمپانیای دایۆی کۆری، کە پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە جێبەجێ دەکات، لەڕێگەی خۆهەڵواسینەوە خۆی کوشتووە.

سەرچاوە ئەمنییەکەی عێراق کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە، یەکێک لە کرێکارەکانی پڕۆژەکە لایەنی پەیوەنداری ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کە بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆرییەکە لەڕێگەی سیمێکەوە لە ژورەی خۆی خنکاندووە.



ڕیکلام