هینری کیسنجەر هۆشداریدا لە جەنگێکی نوێی جیهانی

  2020-10-09  | 
هینری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هینری کیسنجەر وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا هۆشداری لەوەی سەرهەڵدانی جەنگێکی دیکەی جیهانی نزیکە و جەختیشیکردەوە لەوەی، دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین و سنورێک بۆ ڕوبەڕبوونەوە دابنێن.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ لە زاری کیسنجەرەوە بڵاویکردەوە، پێویستە سەرکردەکانی چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گفتوگۆ بکەن لەسەر سنورەکانی ڕوبەڕوبوونەوە، بۆ ئەوەی هەڕەشەکان سنور تێنەپەڕێنن.

لەدرێژەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا لە گفتوگۆیەکی ئۆن لایندا، کە لەلایەن یانەی ئابوری نیویۆرکەوە بۆی سازکرابوو، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە لەسەر چین و ئەمریکا ڕێگەیەکی دیکە بدۆزنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی کە لەسەری ڕێکدەکەون، بۆ ماوەیەکی دوور مەودا.

کیسنجەر جەختیشیکردەوە، ئەگەر بگوترێت ئەو بابەتەکە ئەستەمە بە تەواوەتی و ناتوانرێت گفتوگۆی  لەوبابەتە دروستبکرێت یان سەر بگرێت، ئەوا ڕۆدەچین لە جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، دوودڵی خۆی نیشاندا لە بەرپابوونی جەنگێکی ساری نوێ لە نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، ئەویش بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژییەوە، کە بووەتە هۆی گۆڕینی شانۆی جیۆسیاسی بەشێوەیەکی گەورە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەمریکا پێویستی بە ڕێگەیەکی نوێی بیرکردنەوەیە، چونکە دەبێت لەوە تێبگات جیهان زۆر ئاڵۆز بووە، بەشێوەیەک هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت تاک لایەنە هەژموونی خۆی بسەپێنێت لە هەموو بوارە ستراتیژی و ئابورییەکاندا.

هینری کیسنجەر لەسەردەمی ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕاوێژکاری سەرۆک بووە، توانیویەتی سەرکەوتن بەدەست بهێنیت بۆ رێکخستنی گفتوگۆی نهێنی و ئاڵۆز، کە دواتر و لە ساڵی ١٩٧٢ و سەردانی سەرۆکی ئەمریکای لێ کەوتەوە بۆ چین و کۆبوونەوەی لەگەڵ "ماوتسی تۆنگ" دامەزرێنەر سیستمی کۆمۆنیستی چین، ئەو سەردانەش ڕوداوێکی گەورە بووە  بۆ سەردەمی جەنگی سارد لەو کاتەدا.



ڕیکلام