نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە زیادبوونی هەژاری لە عێراقدا

  2020-10-09  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان پێشبینی کردووە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ ٣١% لەمساڵدا، داواشی لە حکومەت کردووە هەنگاوی پێویست بنێت لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی لە وڵاتدا .

باربارا کریگزمان رێکخەری یەکەمی هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان لەو پرۆگرامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە  "لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی یونسیف و بانکی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە، ئاماژە دەکات بەوەی ڕیّژەکانی هەژاری لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ کەمتر بووە لە ٢٠ %".

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە کە ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی پێشبینییەکان، چاوەڕواندەکرێت ڕیّژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرزبێتەوە بۆ لە ٣١%، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر دانیشتوانی عێراق .

ئەو لێرسراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لە دیارترین کاریگەرییە ئابورییەکانی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا لەسەر ئابوری عێراق، دەرچوونی ئاراستەی وڵاتەکەیە لە گەشەپێدانی بەردەوام .

ڕونیشیکردووەتەوە، حکومەت بودجە و پارەی پێویستی لەبەردەستدا نییە بۆ کار و ئەرکە ھەرە لە پێشینە و بنەرەتییەکانی، پێشی وایە پێداویستییەکانی دانیشتوانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی زیاتر دەبن، ئەوەش بە مانای ئەوەیە ژمارەیەکی زیاتر لە دانیشتوان دەچنە ژێر هێڵی هەژارییەوە .

ھاوکات لەراپۆرتێکی نوێی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە تایبەت بووە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر عێراق و چۆنێتی ڕزگارکردنی عێراق لەو قەیرانە .

ڕاپۆرتەکە کە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو ٧ تشرینی یەکەم بڵاوکراوەتەوە، چەندیان پێشنیازی لەخۆگرتووە بۆ حکومەتی عێراق، بە تایبەت هانی بەغدای داوە بواری دڵنیایی کۆمەڵایەتی بۆ چینی هەزاران زیاتر بکات و کاربکات لەسەر زیادکردنی داھاتەکانی حکومەت و تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ گەشەپێدانی کەرتی تایبەت، هەموو ئەو هەنگاوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانە ئابورییە کە بەرۆکی عێراقی گرتووە ، بە ئامانجی بەردەوامی پێشکەوتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام .

لە راپۆرتەکەدا سەرجەم ئەو پێشنیازانەی کە خراونەتە بەردەم حکومەتی عێراق دوو تەوەرەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت یەکەم، پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق پێداچوونەوە بکات بە سیاسەت و سیستمەکەیدا بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕێگەی پلانەوە چارەسەرکردنی ئەو  بۆشاییە ئابورییە بکات کە گیرۆدەی بووە .

تەوەرەی دووەم خۆی دەبینێتەوە، بریارەکانی حکومەت هەرچییەک بێت، کە ئایا گەشەپێدانی سیاسەتی نوێ بێت یان پرۆگرامی نوێ بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، بە تایبەت پێداوستی ئەو کەسانەی کە زۆر هەژارن لە وڵاتدا، ئەوەش پێویستی بە شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە هەیە .

لەبەرامبەر ئەو راپۆرتانەدا حکومەتی عێراق جەختیکردووەتەوە، کاردەکات لەسەر پێداچوونەوە بە پلانەکاندا لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانەکان .

لەو بارەیەوە عەبدولزەهرە هەنداوی ڕایگەیاندووە، لەم مانگەدا کۆنگرەیەک سازدەکرێت بە بەشداری لایەنی نێودەوڵەتی بۆ دانانی پلانی پێویست بۆ روبەروبوونەوەی ڕێگرە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە هاتووەتە ئاراوە .

وەزیری پلاندانانی عێراق جەختشیکردووەتەوە، حکومەت پێویستی بە دارایی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ئەو قەیرانانە، ئەوەش دەردەخات کێشەی سەرەکی عێراق خۆی دەبینێتەوە لە زۆری خەرجییەکان بە تایبەت خەرجی بەکار بردن.



ڕیکلام