ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال رێکەوتنی هەولێر و بەغدا رەتدەکاتەوە

  2020-10-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال لەبارەی رێكەوتنی هەرێم بەغدا روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند بەبێ بەشداریكردنی ئەوان لەو گفتوگۆیانە هیچ بڕیارێك شوێنێ خۆی ناگرێت و پێویستە ئەوان وەك لایەنێك بەشداری گفتوگۆكان بكەن.


ئەنجومەنی خۆسەری دیموكراتی شەنگال، لەبارەی رێكەوتنی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: لە رۆژی 9ی تشرینی یەكەم رێكەوتنێك لە نێویاندا ئەنجامدرا لەسەر شەنگال، بە بێ وەرگرتنی رای ئێزدیەكان و پێكهاتەكانی دیكە و گەلی شەنگال.

 ئەو روونكردنەوەیە كە دوای راگەیاندنی رێكەوتنی نێوان حكومەتی عێراقی و هەرێم دێت لەبارەی گەڕانەوەی خەڵكی شەنگال بۆ ناوچەكانیان، ئاماژەی بەوە كردووە: گفتوگۆكان هەرچی دەبێت و لە هەركوێ دەبێت، پێویستە بیركردنەوە و بڕیار و پڕۆژەی ئێزدیەكان بۆخۆیان ببێتە بنەما سیاسەتی فەرزكردن ئەنجام بەدەست ناهێنێت.

ئەنجومەنی خۆسەری شەنگال كە لەلایەن پەكەكەوە پشتیوانی دەكرێت و ئێستا شەنگالی بەدەستەوەیە راشیگەیاندووە، ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستەكانی كۆمەڵگەكەمان و گەرەنتی پاراستنی پێگەی شەنگال و ئێزدیەكان دەخوازین بگەینە تێڕوانێكی هاوبەش كە تێیدا ئیرادەی هەبوونی ئێزدیەكان پارێزراو بێت.

ئەنجومەنەكە راشیگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیانە بگاتە ئەنجام پێویستە ئەوانیش ببنە لایەنێك لە گفتوگۆكان و  بە بێ ئەوەش ئەو گفتوگۆیانە قەبوڵكراو نین، تەنها چارەسەریش گفتوگۆكردنە و هیچ چی دیكە. 


ڕیکلام