هەپەگە: پێنج سەربازی تورکیامان کوشت و سێ بارەگامان لەناوبرد

  2020-10-10  | 
دهۆک
هەپەگە ڕایگەیاند، پێنج سەربازی تورکیایان کوشتووە و سێ بارەگای ئەو وڵاتەشیان لە سنورەکانی هەرێم لەناوبردووە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، پێنج سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە و سێ بارەگای ئەو وڵاتەشیان لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەناوبردووە.

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، گەریلاکانیان چالاکییەکیان دژی سوپای تورکیا لە گردی کۆردینە لە ناوچەی حەفتانین ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو چالاکییە، دوو بارەگای تورکیا لەناوچوون و سەربازانی ناو بارەگاکەش کوژراون.

هەپەگە هیچ ئاماژەیەکی بە ژمارەی ئەو سەربازانە نەکردووە کە لەو چالاکییەکدا کوژراون، بەڵام ئاشکرایکردووە کە هەر لەسەر ئەو گردە بارەگایەکی دیکەی سوپای تورکیا کە جبەخانەی تێدا بووە، سوتێندراوە و لەناوبراوە، لەو چالاکییەشدا پێنج سەرباز کوژراون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاتژمێر ١٢ بۆ 1:30 خولەکی ڕۆژی ڕابردوو، مەیدانی چیلۆی بچوک لە گەلیی جولەمێرگ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومانکراوە، هەر ئێوارەی دوێنێ ناوچەی کوڕەژارۆ لە زاپ بۆردومانکراوە، بەڵام لەو بۆردومانانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانیان نەکەوتووە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە، کاتژمێر 11:30 خولەک بۆ ١٢ی نیوەڕۆی ٧ی ئەم مانگە، فڕۆکەکانی تورکیا دەورووبەری گوندی ڕوسێ لە بەکتۆریایان بۆردومانکردووە .

ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ وەزارەتی بەرگری تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی بەناوی "چڕنوکی هەڵۆ" بۆ سەرت سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەبیانووی لێدان لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستپێکرد، دوو ڕۆژ دواتر ئۆپراسیۆنێکی  زەمینی بەناوی "چنگی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین لە سنوری زاخۆ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.



ڕیکلام