ناوەرۆکی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال بڵاوکرایەوە

  2020-10-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە گوێرەی ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کراوە لەسەر بەڕێوەبردنی قەزای شنگال، جگە لە پۆلیس و دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشیتمانی، هەموو پێکهاتە و هێزە چەکدارەکانی دیکە دەکرێنە دەرەوەی شنگال.

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە لەڕووی ئیدارییەوە قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دادەنرێت، کە سەربەخۆ بێت و بەگوێرەی ڕێوشوێنە دەستورییەکان بە پاکێتی و شارەزایی قبوڵکراو بێت.

لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە کە لە هەردوولا پێکدە هێنرێت، دوای ناونانی قایمقامی نوێ، سەری پێگە ئیدارییەکانی دیکە دەرێت و لەڕووشەوە بنەکای شارەزایی و پاکێتی و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی قەزاکە لەبەرچاو دەگیرێت.

لەرووی ئەمنییە، کاروباری ئاسایشی ناوخۆی شنگال دەدرێتە دەستی هێزەکانی پۆلیس و دەزگای هەواڵگری و ئاساییشی نیشتیمانی، تەواوی پێکهاتە چەکدارییەکانی دیکە دەکرێنە دەرەوەی سنوری قەزاکە.

بەهێزکردنی ئاسایشی قەزاکە لەڕێگەی دامەزراننی ٢٥٠٠ ئەنجامی هێزی ئاسایش بۆ ناوخۆی شنگال، کە دەبێت دڵنیایی دادپەروەرێتی لەبەرچاو بگرێت بۆ دانیشتوانی قەزاکە.

لە خاڵێکی دیکەی بواری ئەمنی قەزای شنگال عێراق و هەرێم رێککەوتوون، بە کۆتایی هێنان بە بوونی پەکەکە لەناو شنگال و دەوروبەری و نابێت ئەو ڕێکخراوە و ئەوانەش سەر بەون هیچ بوونێکی هەبێت لەناوچەکەدا.

سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت، بۆ بنیاتنانەوەی قەزاکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ناوخۆیی پارێزگای نەینەوا، ئەرکی لیژنەکە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دیاری دەکرێت.

بۆ چاودێرێکردن و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی هەردوو تەوەرەی ئیدار و ئەمنی لیژنەیەکی مەیدانی هاوبەش پێکدەهێنرێت لە لایەنە پەیوەندارەکانی هەردوولا، بە مەبەستی چاودێری ڕێڕەوی ئەو خاڵانەی لە ڕێککەوتنەدا هاتووە.

ڕێککەوتنەکە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و لەلایەن حکومەتی عێراقیشەوە "حەمید رەشید فلەیح" نوێنەری حکومەتی فیدراڵی و بریکاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانییەوە ئیمزا کراوە.

دوێنی ئەحمەد مولا تەلال وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران چاودێری ڕێککەوتنێکی مێژوویی کردووە، بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەلاتی حکومەتی فیدراڵی لە قەزای شنگال بە گوێرەی دەستور لەسەر هەردوو ئاستی ئیداری و ئەمنی، ئەو هەنگاوە کۆتایی دەهێنێت بە دەسەڵاتی ئەمنی گروپە بێگانە و نەناسراوەکان و سەرەتایەکیش دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی شارەکە و گەڕانەوەی دانیشتوانەکانی بە تەواوی، ئەو هەنگاوەش بە هەماهەنگی لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت ".

وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی کەسانی دیکە تیا شکستیان هێنا، ئەم حکومەتە تیا سەرکەوتوو، ئەویش لەڕێگەی چاندنی تۆی متمانەی هاوبەش و پێشکەشکردنی نییەت باشی و پشتبەستن بە ئیرادەیەی سیاسی بەهێز، لەپێناو گێرانەوەی ئاسایش و ئارامی و ئاوەدانی بۆ شنگال و گەرانەوەی دانیشتوانە لێقەوماوەیەکی بۆ شوێنەکانی خۆیان .



ڕیکلام