سەرۆک کۆماری ئێران سزای دارایی ئەو کەسانەی دیاریکرد، کە لە تارانی پایتەخت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن و رێکارەکانی خۆپارێزی پێشێل دەکەن.
حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ژمارەیەک بڕیاری نوێی بۆ رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان لە شاری تارانی پایتەختی وڵاتەکەی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکەش:
-هەر توشبوویەکی کۆرۆنا لە ماڵ بچێتەدەر و خۆی کەرەنتین نەکات، بەبڕی ٢٠٠ هەزار تمەن سزای دارایی دەدرێت.
- هەر کەس دەمامک بەکارنەهێنێت، بەبڕی ٥٠ هەزار تمەن سزا دەدرێت.
-هەر شوێن و فەرمانگەیەک کارمەندەکانی دەمامک بەکارنەهێنن و خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو کەسانە بکات کە دەمامکیان بەکارنەهێناوە، بۆ جاری یەکەم ئاگاداردەکرێتەوە، جاری دووەم بەبڕی ٣٠٠ هەزار تمەن سزا دەرێت، جارێ سێیەم بەبڕی یەک ملیۆن تمەن و بۆ جاری چوارەمیش شوێنەکە دادەخرێت.
-هەر شۆفێرێکی تاکسی دەمامک بەکارنەهێنێت، بەبڕی ١٠٠ هەزار تمەن و بۆ هەر سەرنشینێکیشی ئەگەر دەمامکی نەبەستبێت، بەبڕی ٢٠ هەزار تمەن سزای دارایی دەدرێت.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامارەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بە گشتی و لە تارانی پایتەخت بەتایبەتی روو لەهەڵکشانە، بۆیە زیاتر لە هەفتەیەکە رێوشوێنی نوێ لە تاران گیراونەتەبەر و رێکارەکانی خۆپارێزی توند کراونەتەوە کە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٠ی١٠ی٢٠٢٠، سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا سێ هەزار و ٨٧٥ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە تۆمارکراون و بەوەش کۆی گشتی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون گەیشتووەتە ٤٩٦ هەزار و ٢٥٣ کەس.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ١٩٥ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتی مردووانی کۆرۆنا لە ئێران، گەیشتووەتە ٢٨ هەزار و ٢٩٣ کەس.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕاشیگەیاند، لەئێستادا دۆخی تەندروستی تاران و ٢٧ پارێزگای دیکەی ئێران سوورە و پارێزگاکانی سنە و هۆرمۆزگان و فارس و گوڵستانیش لە دۆخی هۆشداریدان.