بنەماڵەی هێرش سەنگەری: قبوڵی ناکەین سبەی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان بێتەسەر کارەکەی

  2020-10-10  | 
گەرمیان
ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، ڕۆژنامەوان هێرش سەنگەری دوای توشبوونی بەکۆرۆنا لە نەخۆشخانەی کەلار گیانی لەدەستدا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بنەماڵەی هێرش سەنگەری پەیامێکی دیکەیان لەسەر پرسی گیان لەدەستدانی کوڕەکەیان بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، لەئێستادا هیچ هەوڵێک نیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان، کە لەسەرکارلابردنی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیانە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "گەر سبەی ئەو کەسە بێتە گەرمیان و بێ حسابکردن بۆ ڕای ئێمە بچێتەوە سەرکارەکەی، مومکن نیە قەبوڵی بکەین".

ڕۆژی ٦ی ئەم مانگە، ڕۆژنامەوان هێرش سەنگەری دوای توشبوونی بەکۆرۆنا لە نەخۆشخانەی کەلار گیانی لەدەستدا، دواتر بنەماڵەکەی کەمتەرخەمی بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیانیان بە هۆکاری گیان لەدەستدانی کوڕەکەیان لە قەڵەمدا و لە پەیامێکدا دوایانکرد، دەست لەکاربکێشێتەوە.

دەقی پەیامەکەی بنەماڵەی هێرش سەنگەری:

پرسی گیان لەدەستدانی هێرش سەنگەری و دەرکردنی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان:

دوا بەدوای بڵاوکردنەوەی ڕونکردنەوەمان لەسەر پرسی کەمتەرخەمی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و گیان لەدەستدانی هێرش سەنگەری، بەپێویستی دەزانین جەخت بکەینەوە لە ناوەڕۆکی پەیامەکەمان کە دەرکردنی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیانە .

 ئەوەی ئێمە دەیزانین لە ئێستادا هیچ هەوڵێک نیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەمان بەوپێیەی ئەو کەسانەی کاربەدەستن لەپرسی گۆڕینی ئەو کەسە ڕاوەڕێوی ئەهێننەوە و شائعە و پاساوی بێمانای نەبوونی بەدیل بەگوێی ڕای گشتیدا دەدەن !!

هەر بۆیە هۆشداری دەدەین گەرسبەی ئەو کەسە بێتە گەرمیان و بێ حسابکردن بۆ ڕای ئێمە بچێتەوە سەرکارەکەی، مومکن نیە قەبوڵی بکەین !!

بەرپرسیارێتی هەر ڕوداوێکی نەخوازراویش لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە کەباکیان بە ژیانی خەڵکی گەرمیان نیەو یاری بەکات دەکەن لەلابردنی بەڕێوەبەرێکی کەمتەرخەمدا.

خانەوادەی لالە حەمە سەنگەری

١٠ی١٠ی٢٠٢٠



ڕیکلام