وەزیری رۆشنبیری: رێکخستنەوەی ژمارەی سپاردن سانسۆر نییە

  2020-10-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند رێکخستنەوەی ژمارەی سپاردنی کتێب سانسۆر نیە بەڵکو بۆ لیژنەکانی پێدانی ژمارەی سپاردنمان فراوانکردوە و لە پارێزگاکان ژمارەکە دەدرێت.

لە دیدارێکدا لەگەڵ رێکخەر و ئەندامانی سەنتەری میترۆ حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندوە "یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستان لە مادەی دووەمیدا هاتوە: چاودێری ناخرێتە سەر چاپەمەنی و هەر هاوڵاتییەكی سەربەستە لە دەركردنی هەر چاپەمەنییەكدا.

وتیشی بەپێی یاساکە ئەو بابەتانە قەدەغەن كە هانی كردنی تاوان و كاری تیرۆریستی یان ناوزڕاندن یان دەستدرێژین بۆ سەر حورمەتی ئاین و مەزهەبەكان دەدەن.

بەپێی وتەکانی وەزیری رۆشنبیری کە سەنتەری میترۆ بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوەشکردوە دەیانەوێت ریزبەندی ژمارەی كتێبە چاپكراوەكان، واتە ژمارەی سپاردن لە سەر ئاستی كوردستان رێكبخرێتەوە بە شێوەیەك لەسەر ئاستی كوردستان بزانرێت ژمارەی سپاردن گەیشتووە بە چەند.

حەمەی حەمە سەعید وتوشیەتی من 40 ساڵە بۆ ئازادی خەباتم کردوە دڵنیابن کارێک نابینن دژ بە پرەنسیپەکانی خۆم و حزبەکەم بێت.

ئەوە لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوو وەزیری رۆشنبیری بڕیاریدا بە دانانی لیژنەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبانەی کە ژمارەی سپاردنیان پێ دەدرێت، بڕیارەکەش نیگەرانی زۆری نوسەر و رۆشنبیرانی لێ کەوتەوە.


ڕیکلام