تورکیا بانگهێشتی کازمی دەکات بۆ سەردانیکردنی وڵاتەکەی

  2020-10-11  | 
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: نوسینگەی کازمی
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتێکی فەرمی لە تورکیاوە پێگەیشتووە بۆ سەردانیکردنی ئەو وڵاتە.

لە بەیاننامەیەکدا، نوسینگەی ڕاگەیاندنی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەعرەجی پێشوازیکردووە لە فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا.

بە گوێرەی بەیاننامەکە لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی ئاراستەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە و ڕێگەکانی گەشەپێدانی، بەشێوەیەک خزمەت بە هەردوولا بکات.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "یەڵدز بانگهێشتێکی فەرمی ئاراستەی کازمی کردووە بۆ سەردانیکردنی تورکیا لە نزیکترین دەرفەتدا، جەختیشیکردووەتەوە لە بایەخی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و پێویستی گەشەپێدانی لەسەرجەم ئاستەکاندا".

هەر لە بەیاننامەکەدا نوسینگەی ئەعرەجی جەختیکردووەتەوە، هاریکاری عێراق و تورکیا گرنگە و پێویستە گەشەی پێبدرێت و هەموو بەربەستەکان لابرێت و ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت، لەپێناو دروستکردنی پەیوەندییەکانی هاوسەنگ، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.



ڕیکلام