دیندار زێباری: شێروان شێروانی پارەی وەرگرتووە بۆ قسە وتن بە بەرپرسان

  2020-10-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان رایگەیاند، شێروان شێروانی دانی بەوە ناوە لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی، وتنی قسەی نەشیاو بە پەرپرسان و هەڕەشەكردن لە دادوەران.


دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی دەستگیر كردنی شێروان شێروانی روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت لە رۆژی 8ی تشرینی یەكەم لەسەر فەرمانی راگرتن كە لە دادگای لێكۆڵینەوەی دهۆك دەستگیر كراوە، تۆمەتبارە بە پێی ماددەی ١٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (٢١) بۆ ساڵی ٢٠٠١ كە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەمواركراوە.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان رایگەیاندووە " شێروان شێروانی دانی بەوە ناوە كە ئەو لە سەرچاوەی دەرەكییەوە یارمەتی دارایی كراوە بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و پشێوی، ناشیرینكردن و وتنی قسەی نەشیاو بە پەرپرسان و كەسانی خاوەن پێگەی كۆمەڵایەتی دیاریكراو، هەروەها بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی و خۆپێشاندانە ئاشتیخوازییەكان بۆ دروست بوونی توند و تیژی، هەروەها هەڕەشەكردن لە دادوەران".

زێباری ئەوەشی راگەیاندووە شێروانی "لەدەرەوەی چوارچێوەی رۆژنامەوانییەكەی دەستگیر كراوە، تۆمەتبارە بە وتنی قسەی نەشیا و تۆمەت دروستكردن و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی".

ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەكی دیكە لە چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی شاری دهۆك دەستگیركران و تا ئێستاش چەند كەسێك لەو چالاكوانانە لە یزنداندا ماونەتەوە. 



ڕیکلام