کەسێک دەستگیر کراوە ماڵەکەی کردووە بە وەرشەی بۆمبڕێژکردنی ئوتۆمبێل

  2020-10-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاژانسی هەواڵگری عێراق ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ لە باشوری کەرکوک کەسێکیان دەسگیر کردووە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا وەرشەیەکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیلی هەبووە.

لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاژانسی هەواڵگری عێراق بلاویکردەوە، لەڕێگەی چاودێری بەردەوام و تەرخانکردنی هەوڵێکی باشی هەواڵگری، مەفرەزەیەکی ئاژانسەکەیان یەکێک لە تیرۆریستەکانیان لە ناحیەی ڕیازی باشوری پارێزگای کەرکوک دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارە بە ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی داعشدا.

دەزگای هەواڵگری ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تیرۆریستە ماڵەکەی خۆی کردووەتە وەرشەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تایبەت بە تیرۆریستانی داعش، لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا دانی ناوە بە ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی داعش، وەرشەکەشی لەگەڵ کوڕێکی بەڕێوە بردووە، کە لە ئێستادا کوڕەکەی لەلایەن دادگاوە بە مادەی تیرۆر داواکراوە.



ڕیکلام