53 پەرلەمانتار داوا دەکەن هەڵەبجە وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن دیاریبکرێت

  2020-10-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان داوا دەکەن پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەیەکی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریبکرێت.

ئەو ژمارە پەرلەمانتارەی هەرێم کە نوێنەری زۆرینەی فراکسیۆنەکانی تێدایە لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق و بەتایبەت فراکسیۆنە کوردییەکانیان کردوە،رایانگەیاندوە هەڵەبجە وەک پارێزگا و سبمولی ئاشتی ناسێندراوە بەڵام بەداخەوە لە دەنگدانی دوێنیی پەرلەماندا کە دەنگیدا لەسەر دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بەپێی کۆتایی ژنان غەدر لە ‌هەڵەبجە کرا.

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەشکردوە  داوا دەکەین کە هەموارى ئەو پێشنیازەى رۆژى ۱٠/۱٠/۲٠۲٠ بکەنەوەو ئەو مافە دەستورى و یاساییە بگەرێننەوە و هەڵەبجەش وەک پارێزگایەکى سەربەخۆ ئەژماربکەنەوەو بیکەنە خاوەن بازنەیەکى هەڵبژاردنى سەربەخۆى خۆى.

ئەوە لەکاتێکدای دوێنی لە پەرلەمانی عێراق دەنگدرا لەسەر ئەوەی بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت بە 83 بازنە ئەوەش بەپێی رێژەی کۆتایی ژنان.

بەپێی بازنەکان پارێزگای سلێمانی 18 کورسی هەیە و دەکرێت بە 5 بازنە و هەولێر 15 کورسی هەیە دەکرێت بە 4 بازنە و شاری دهۆکیش 11 کورسی هەیە دەکرێت بە 3 بازنە، بەڵام پارێزگای هەڵەبجە وەک پارێزگا و بازنەیەکی سەربەخۆ ئەژمارنەکراوە.


ڕیکلام