شنگال.. دژی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا خۆپێشاندان بەڕێوەچوو

  2020-10-11  | 
دهۆک
دژی ڕێکەوتنەکەی هەرێم و بەغدا خۆپێشاندان لە شنگال بەڕێوەچوو
فۆتۆ: موارد خالتی
 مازن شنگالی
دژی ڕێککەوتنەکەی هەرێم و بەغدا، بەشێک لە دانیشتووانی قەزای شنگال خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

خۆپێشاندەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ئەوان دژی هیچ هەوڵێک نین کە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و چارەسەرکردنی کێشەی ئیداری ناوچەکە بێت ، بەڵام هەڕ ڕێککەوتنێک ڕەتدەکەنەوە کە بەبێ پرس و بۆچوونی خەڵکی شنگال و کەسوکاری قوربانیان بێت، بە تایبەتی سەپاندنی ئیدارەیەک بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا کە ئەوان تێیدا بەشدارنەبن.

ئاماژەیان بەوەشکرد، دوو داواکاری سەرەکییان هەیە کە بریتین لە، یەکەم دەبێت خەڵکی شنگال بەشداربێت لە هەر بڕیارێک کە لەسەر چارەنووسی قەزاکە بدرێت و دەبێت ئەو ئیدارەی کە هەڵدەبژێردرێت، لە خەڵکی شنگال و دانیشتووانی قەزاکە بێت، دووەم، دەبێت لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ بەدواداچوون و گفتوکۆ لەبارەی هەر بڕیارێک کە لەسەر شنگالەوە بدرێت.

شایەنی باسە هەینی ڕابردوو شاندێکی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری ناخۆ سەردانی بەغدای کرد، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگاڵ، دواتر هەر دوولا رێککەوتننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و بەپێی رێککەوتنەکە جگە لە پۆلیس و دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشیتمانی، هەموو پێکهاتە و هێزە چەکدارەکانی دیکە دەکرێنە دەرەوەی شنگال.

ڕێککەوتنەکەش کاردانەوەی ئەنجومەنی خۆسەری شنگالی لێکەوتەوە و رایگەیاند، بەبێ بەشداریكردنی ئەوان لەو گفتوگۆیانە، هیچ بڕیارێك شوێنێ خۆی ناگرێت و پێویستە ئەوان وەك لایەنێك بەشداری گفتوگۆكان بكەن.

ئەمڕۆش کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هەڵوێستی خۆی لەسەر رێککەوتنەکە ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال پێویستە بەشدار بێت لە هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتووی شنگال، هەر هەڵوێستێک بە پێچەوانەوە مەترسییە و مایەی قبوڵکردن نییە.



ڕیکلام