حزبوڵای عێراق مەرجی ئاگربەستی دژی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکراکرد

  2020-10-11  | 
کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق یەکێگە لە گروچە چەکدارەکانی ناو حەشدی شەعبی
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق ڕایگەیاند، گروپەکانی بەرگری ڕەزای بوون لەسەر ئاگربەستێکی مەرجدار، سەبارەت بە هێرشەکانیان بۆ هێزەکانی ئەمریکا لەناو عێراقدا.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەزر لەزاری محەمەد موحیی، وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقەوە بڵاویکردەوە، گروپە عێراقییەکان ڕازبوون بە ڕاگرتنی هێرشە موشەکییەکانیان بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا، بۆ ئەوەی بوار و کات بدرێت بە حکومەتی عێراق، بۆ ڕاگەیاندنی خشتەیەکی زەمەنی  سەبارەت  بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

وتەبێژی حزبوڵای عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی نەزانراو لە عێراق بمێننەوە، ئەوا گروپە عێراقییەکان هەموو جۆرە چەکێکی بەردەستیان بەکاردەهێنن لە دژی ئەو هێزانە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو وتەبێژە جەختیکردووە، هەڕەشەکانی ئەمریکا بە داخستنی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا، وایکردووە بارودۆخەکە زۆر ئاڵۆز بێت لە عێراق و دۆخەکە پێویستی بە هێورکردنەوەیە.

ئەو لێدوانانەی وتەبێژی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ڕاشکاوی بە حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندبوو، ئەگەر کار نەکات بۆ راگرتنی هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکە و ناوەندە دیپلۆماتییەکان، باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دادەخات.



ڕیکلام