حکومەتی عێراق چۆن خۆی لە قەیرانی دارایی رزگار دەکات؟

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە کە بۆ 4 مانگی داهاتووی ئەمساڵ بۆی دروست دەبێت بۆ ئەوەی موچە و بودجەی پێویست دابین بکات، بۆ ئەو مەبەستە پرۆژە یاسایەکی بە ناوی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی 2020 رەوانەی پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، پرۆژەکە دوایین دەرفەت دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە داراییەی کە وڵات تێی کەوتووە.

پرۆژەی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ماوەی چەند هەفتەیەک بوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو بەهۆی هەبوونی تێبینی و رەخنە لەسەری راگیرابوو، تاوەکو لە کۆبوونەوەی 30ی ئەیلول پەسند کرا.


بەپێی ئەو پرۆژەیە بێت کە حکومەتی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کردووە بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی لە 4 مانگی داهاتوودا، عێراق پێویستی بە 41 ترلیۆن دینار هەیە .


ئەگەر پرۆژە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی 2020 لە پەرلەمان پەسەند بکرێت دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ پرۆژە یاسای بودجە بۆ ئەو 4 مانگەی ئەمساڵ کەماوە.


لە دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵێکی زۆردرا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی و دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون و حکومەت گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی چاکسازی لە بواری دارایی و ئابووری ئەنجامدات بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی قەیرانەکە و زەحمەتە بتوانێت لەماوەیەکی کورت چاکسازی ئەنجامبدات، هەربۆیە دەیەوێت موچەی 4 مانگی داهاتوو مسۆگەر بکات و شانبەشانی ئەوە کار لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی بکات، تا ئەو کاتەی پرۆژە یاسای بودجەی 2020 ئامادە دەکرێت.


لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی عێراق کار لەسەر پرۆژە یاسایەکی چاکسازی دەکات لەبواری دارایی و ئابووری بڕیارە رۆژی سێشەممە پرۆژەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکات بە مەبەستی تاوتوێکردن.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی پرۆژەکەوە دەڵێت دەزانم ئەو چاکسازییەی دەمانەێت بیکەین قورسە، بەڵام هیچ دەرفەتێک نەماوە و دەبێت ئەنجامی بدەین.


بەپێی لێدوانی وەزیری دارایی عێراق، داهاتی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 15 ترلیۆن دینار تێپەڕناکات لەکاتێکدا تەنیا بۆ موچەی خانەنشینی پێویستیان بە ترلیۆنێک و 200 ملیار دینار هەیە.


بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنانەی لە بواری نەوت کراون لە ئەمساڵدا داهاتی نەوتی عێراق تەنیا دەتوانێت نیوەی خەرجییەکانی دەوڵەت پڕبکاتەوە، کە بەشی زۆری بۆ موچەی فەرمانبەران دەڕوات.


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، حکومەتی عێراق شەش ملیۆن و 500 ھەزار موچەخۆری ھەیە، مانگانە بۆ موچەی مانگێک پێوستی بە شەش ترلیۆن و 200 ملیار دینارە، بەھۆی ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی گرتووە، مانگانە دوو ترلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە.


ڕیکلام