وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٧٢ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بۆ یەکەم جارە ئەو ژمارە زۆرە لە شەو و ڕۆژێکدا بەکۆرۆنا لەو وڵاتە گیان لەدەستدەدەن.
سیما سادات لاری وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چوار هەزار و ٢٠٦ حاڵەتی دیکەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٦٣ نەخۆشیان لە نەخۆشخانە خەوێندروان .
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو ماوەیەدا ٢٧٢ توشبووی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و بەوەش کۆی گشتی مردووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکە، گەیشتووەتە ٢٨ هەزار و ٨١٦ کەس.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئامارەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بەو هۆیەشەوە لە تارانی پایتەخت ڕێوشوێنە تەندروستییەکان توندتر کراونەتەوە و زۆربەی شوێنە گشتییەکان داخراون، هەر کەسیش بەبێ دەمامک لە ماڵ بچێتەدەر، بەبڕی ٥٠ هەزار تمەن سزای دارایی دەدرێت .
بەپیی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٥٠٤ هەزار و ٢٨١ کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٢٨ هەزار و ٨١٦ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٤٠٩ هەزار و ١٢١ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە .
ئەمڕۆش سەعید نمەکی وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاند، ڤاکسینێکیان لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر مەیمون تاقیکردووەتەوە و ئەنجامی تاقیکردنەوەکە ئەرێنی هەبووە، بڕیاریشە لە دوو هەفتە یان سی هەفتەی داهاتوودا ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ تاقیبکەنەوە.