ئەفسەرێکی عێراقی فەرماندەی خۆی کوشت

  2020-10-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی ناکۆکی و دەمەقاڵەی نێوانیان ئەفسەرێکی سوپای عێراق تەقەی لە فەرماندەی خۆی کردووە و کوشتوویەتی و دواتر هەوڵی خۆکوشتنی خۆشی داوە.

وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ڕوداوەکە دوای دەمەقاڵەیەک لە نێوان عەقید وائیل خەلیل لەگەڵ عەمید روکن عەدنان خەلەف وەکاع لە کاتی کارکردن لە سەربازگەی ڕاهێنانی "کەرکوش" لە نزیک قەزای بەلەدروزی پارێزگای دیالە ڕویداوە.

وەزارەتی بەرگری عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ناکۆکییەکە سەری کێشاوە بۆ بەکارهێنانی چەک، بەشێوەیەک عەقیدەکە تەقەی لە فەرماندەی کردووە و دەستبەجێ کوشتوویەتی، دواتریش تەقەی لە خۆی کردووە، بە سەختی بریندار بووە و بە پەلە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی بەرگری عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە ڕوداوەکە پێکهێناوە، بۆ زانینی وردەکاری روداوەکە.

 



ڕیکلام