سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە دوو چالاکیدا لە پارێزگای سنە، سێ ئەندامی سەر بە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کوشتووە و سێی دیکەشیان بریندارکردووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوی ئەم هەفتەیدا و دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد لەسەر بوونی چەند ئەندامێکی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەیاری حکومەت لە ناوچەکانی کامیاران و مەریوان لە پارێزگای سنە، هێزەکانیان دوو چالاکییان ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا سێ ئەندامی ئەو حزبانە کوژراون و سێی دیکەش برینداربوون، کە یەکێک لە بریندارەکان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو دوو چالاکییەکەدا هێزەکانی سوپای پاسداران دەستیانگرتووە بەسەر ژمارەیەک چەک و کەلوپەلی سەربازیدا.
پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزە ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئەندامەی کە دەستگیرکراوە، ئێرانی نییە و بەڕەگەز بیانییە.
تاوەکو ئێستاش هیچ یەک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیارییان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.