بریکاری وەزارەتی ناوخۆ: كێشەی شۆفێرانی تانكەرەكان لە مەرزەكان چارەسەر كرا

  2020-10-12  | 
سلێمانی
بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، كێشەی شۆفێرانی تانكەرەكان لەمەرزەكان چارەسەر كرا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بۆ چارەسەری گرفتی شۆفێرانی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان و بەمەبەستی زامنكردنی بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هێنانی سوتەمەنی لەئێرانەوە، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەردانی هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخانی كرد.

ئەمڕۆ 12ی تشرینی یەكەمی 2020 چەتۆ ساڵح سەعید بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوڕێ لەگەڵ وەفدێكی حكومی سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخی كردو لەگەڵ وەفدی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و مەهدی شوشتری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی كۆبۆوە .

لەكۆبوونەوەكەدا چەتۆ ساڵح سەعید رایگەیاند، ئامانجی سەردانەكەمان بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوونە لەكێشەو گرفتەكانی دەروازەكەو بەتایبەتی كێشەی شۆفێرانی تانكەرەكان.


لای خۆشیانەوە وەفدی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران و مەهدی شوشتری سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسلێمانی سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی بریكاری وەزارەتی ناوخۆیان كرد و دووپاتیشیانكردەوە كە بە هەموو توانایانەوە هەوڵدەدەن و كارئاسانی دەكەن بۆ شۆفێرانی هەرێمی كوردستان تا ئاڵوگۆڕی شمەك لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە بەردەوام بێت .

هەر لەكۆبونەوەكەدا لەسەر ئەم خاڵانە رێكکەوتن كرا:  

١ - لەئێستادا ئەو ۱۷۰۰ تانكەرەی لەدیوی ئێرانن بەسیستمی پەنجا بە پەنجا بارەكانیان دەبەنە خوارەوە بۆ شارەكانی هەرێم واتا پەنجا لەسەدی لەلایەن شۆفێرە ئێرانییەكان بەڕەچاوكردنی سەرجەم رێكارە تەندروستی و یاسایییەكان و لەسەدا پەنجاش لەلایەن شۆفێرە عیراقییەكانەوە بارەكانیان لێ وەردەگیرێت .

٢ -دواتر و بەو رێكارە ئیداری و یاسایی یانەی لەلایەن هەردوولاوە جێبەجێ دەكرێت شۆفێرانی عیراقیش دەتوانن هاوشێوەی شۆفێرە ئێرانییەكان بچنە دیوی ئێران و بار باربكەن .

٣ -لایەنی ئێرانی رازی بوون كە ئەو بڕەپارەیەی لە شۆفێری تەنكەرە عیراقی یەكان وەك تەئمینات لێیان وەردەگیرا چیتر لێیان وەرنەگیرێت و تەنها لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم كاروباری یاسایی یان بۆ ئەنجام بدات تا بتوانن بچنە خاكی ئێران بۆ هێنانی سوتەمەنی .

٤ -شۆفێرە عێراقییەكان ڤیزای شەش مانگی یان پێدەدرێت لەلایەن كونسوڵگەری ئێرانەوە .

لەكۆبوونەوەكەدا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكەوتنە چوار خاڵییەكەی بەگرنگ وەسفكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی شۆفێران و ئاماژەی بەوەشكرد بەم رێككەوتنە دەرفەتی كار بۆ شۆفێرە عیراقی یەكان دەڕەخسێت و لایەنی ئێرانیش كارئاسانی یان بۆ دەكەن .

لەلایەكی ترەوە هەر ئەمڕۆ چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی گەیشتنە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان .

دواترو لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ گومرگی گەرمیان كەسەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئامادەی بوو، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ وردەكاری كێشەی گواستنەوەی سوتەمەنی لەپەروێزخان تاوتوێكرد، دواتر بڕیاردرا هاوشێوەی ئەو میكانیزمەی لەدەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ گیراوەتەبەر لەدەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانیش پەیڕەوبكرێت و ئەو تانكەرانەی گواستنەوەی سوتەمەنی كەلەدیوی ئێران ئامادەن، سوتەمەنیەكانیان بەهەمان شێوە لەپەروێزخانەوە هاوردەی هەرێم بكرێت. ئاماژە بەوەشكرا كە لەئایندەدا میكانیزمی نوێ بۆ هاوردەكردنی سوتەمەنی لەدەروازەكانەوە دەگیرێتەبەر .



ڕیکلام