وەزیری دارایی: ئەو دوو موچەیەی لەم کابینەیە دواکەوتووە هەوڵدەدەین بەغدا بیدات

  2020-10-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند وەزیری دارایی بەڵێنی داوە ئەو دوو موچەیەی لەم کابینەیەدا دواکەوتووە ئەگەر لەگەڵ عێراق رێکبکەون و بەغدا پارەکان بنێرێت بیدەنەوە بە فەرمانبەران.

زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی ڕایگەیاند ،ئاوات شێخ جەناب وتویەتی ئەو موچانەی دواکەوتەوە سێ مانگیان پاشەکەوت دەکرێت چونکە هی کابینەی ڕابردووە.

وتیشی لەبارەی لێبڕینی موچەوە پرسیاریان ئاراستەی وەزیر کردوە و ئەوەیش وتەیەتی ئەو بڕە پارەیەی مانگانە دەبڕدرێت لە موچەخۆران وەک قەرز لای حکومەت دەمێنێتەوە.

هاوکات شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی ڕایگەیاند وەزیری داراییش دانی بەوەدانا کە بڕینی موچەی هاوڵاتیان پێچەوانەی یاسایە بۆیە ئەگەر داداگا هەبێت دەبێت بەرپرسانی حکومەت لەسەر ئەوە داداگای بکرێن.

شێرکۆ جەودەت وتیشی وەزیری دارایی وتویەتی لەگەڵ عێراق لە گفتوگۆین بۆ ئەوەی ئەوان ئەو دوو موچەیەی لەم کابینەیە دواکەوتووە بماندەنەوە و دابەشی بکەین.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ وەزیری دارایی بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبوەوە بۆ رونکردنەوەی هۆکاری گۆڕینی لیستی موچە لەمانگی چوارەوە بۆ مانگی ئەیلول.


ڕیکلام