ئەمریکا و ئە ڵمانیا هۆشداریيان دایە تورکیا

  2020-10-13  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەکە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا هۆشداریانە دایە تورکیا لە کاروچالاکییەکانی لە دەریای ناوەڕاست و ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو هەڵوێستانەی تورکیا دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات.

لە بەیاننامەیەکی توندا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئیدانەی بڕیاری تورکیا دەکات، کە بەهۆی چالاکییەکانەوە دۆخەکەی لەگەڵ یۆنان بەرەو ئاڵۆزی بردووەتەوە.

مۆرگان ئاورتاگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند "داوا لە تورکیا دەکەین کارە ئیستیفزازییە دروستکراوەکانی ڕابگرێت و دەستبەجێ دەست بکات بە گفتوگۆ لەگەل یۆناندا".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرلێکردن و هەڕەشە و ترساندن و چالاکی سەربازیی چارەسەری ئاڵۆزییەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ناکات.

جەختیشیکردووەتەوە، ڕاگەیاندنی تاک لایەنەی تورکیا بە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی، دەبێتە هۆی ئاڵۆزکردنی ناوچەکە و بەمەبەست ئاڵۆزی دروست دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان تورکیا و یۆنان، کە هەردووکیان هاوپەیمانی ڕیکخراوی ناتۆن.

لە لایەکی ترەوە هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە تورکیا کرد، دەستبەکاری کارە نەرێنی و ئیستیفزازییەکانی بێت لە ململانێکانی تایبەت بە کێڵگەکانی گازی سروشتی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختیکردەوە لە پابەندبوونی وڵاتەکەی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەریەکە لە قوبرس و یۆنان، وەک دوو هاوبەشی یەکێتی ئەوروپا.

ئەو لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرامبەر تورکیا لە کاتی دەستپێکردنی سەردانەکەیەتی بۆ قوبرس و یۆنان، بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ تورکیا لەسەر گەران بە دوای گازی سروشتیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە تورکیاش کرد، کراوە بێت لەسەر گفتوگۆ و دەستنەکاتەوە بە گەڕان بە دوای گازی سروشتیدا لەو ناوچە دەریاییانەی کە بوونە جێگەی ناکۆکی و ململانێ.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کەشتیەکی تورکیا دەستی بە گەران و پشکنین کرد لەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ئەو هەنگاوەش پاڵی نا بە یۆنانەوە دووبارە داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت، سەبارەت بە ناکۆکییەکانیان دەربارەی گەڕان بەشوێن گازی سروشتیدا لە ناوچەکە.

مانگی ڕابردووش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی یۆنانی کرد، بە مەبەستی دەربڕینی پشیتوانی و کۆمەکی واشنتۆن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و تورکیا.

ماوەی چەند مانگێکە بەهۆی چالاکییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕان بەشوێن  گازی سروشتیدا، ناکۆکییەکانی یۆنان و تورکیا سەریهەڵداتەوە و لە دوو مانگی ڕابردوودا گەر دەستوەردانی تروکیا و ئەمریکا نەبوایە، ئەگەری بەرپابوونی جەنگ لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی ڕێکخراوی ناتۆ ئەگەرێکی بەهێز بوو.



ڕیکلام