کاروان گەزنەیی: حکومەتی هەرێم خۆی دەستیکردووە بە قاچاغچێتی

  2020-10-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم خۆی دەستیکردووە بە قاچاخچێتی و ماڵی دەوڵەت بۆ چەند کەسێک دەڕوات، وهەموو ڕێکارەکانیشییان بە شێوەیەکی یاسایی ڕێکخستووە .

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نووسیویەتی" لە گەڵ دەستبەکار بوونی کابینەی (٩) کۆمپانیایەک دامەزرێندراوە بە ناوی کۆمپانیای (نیو ستاندارد)، و ئەم کۆمپانیایە لە مەرزی حاجی ئۆمەران بە ڕوونی تاڵانی داهاتی وڵات دەکات. دامو دەزگای دەوڵەت بەکار دەهێنن، بە بێ ئەوەی کە مانگانە کرێی شوێنەکە بدەن و هیچ داهاتێک بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە . "

کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەکردووە، ڕۆژانە هەر بارهەڵگرێکی ئۆتۆمۆبێل کە داخڵی هەرێم دەبێت زیاتر لە (٦) ئۆتۆمبێل هەڵدەگرێت، و کۆمپانیای نیو ستاندار بۆ هەر ئۆتۆمۆبێلێک (١٠٠) هەزار دینار وەردەگرێت بە بێ ئەوەی هیچ ئۆتۆمۆبێلێک تێست بکرێت. لە هەر ڕۆژێکدا زیاتر لە (٥٠) بارهەڵگر داخڵ دەبێت و هەر باڵهەڵگرێک زیاتر لە (٦) ئۆتۆمۆبێل هەڵدەگرێت .

ڕاشیگەیاندووە، هەمان کۆمپانیا تابلۆی ئۆتۆمۆبێل دروست دەکات لە هەمان شوێن بۆ هەر ئۆتۆمۆبێلێک (١٠) دۆلار وەردەگرێت لە کاتێکدا پێشتر حکومەت بە تەنها (٢) دۆلار ئەم تابلۆیانەی دەکرد.

ئەو پەرلەمنتارەی فراکسیۆنی یەکێتی ڕوونیکردووەتەوە، ڕۆژانە نزیکەی (٤٠٠- ٤٥٠) ئۆتۆمۆبێل هاوردە و هەناردەیە و بەرهەمی خۆراکی ئاڵوگۆڕ دەکەن لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان. هەمان کۆمپانیای ناوبراو بۆ هەر بارهەڵگرێک، کە زیاتر لە ٥ مەواد هەڵدەگرێت، (٥٠-١٠٠) دۆلار وەردەگرن، وە هەر ئۆتۆمۆبێلێک لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت، کۆمپانیای ناوبراو (٣٥) هەزار وەردەگرێت .

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە لە مانگەکانی (٧-١١) داهاتی هەر ڕۆژێکی ئەم مەرزە گەیشتووەتە (١.٥) یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار تەنها لە بەشی ئۆتۆمۆبێل، لە یەک مانگ نزیکەی (٤٥) ملیار و لە ماوەی چوار مانگ دەکاتە نزیکەی (١٨٠) ملیار دینار.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەکردووە، ئٔەم "مەهزەلەیە" لە زۆربەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاستە و بڕیاریشیان داوە هەموو بەڵگەکان بدەنە داواکاری گشتی بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی يئەم گرێبەستە ماڵوێران کەرانە، پێشی وایە ئەگەر ئەم بەهەدەردانەی ماڵی خەڵک و دەوڵەت بگێڕنەوە و چاکسازی لە مەلەفی نەوت و گرێبەستەکان بکەن، دەتوانرێت موچە پاشەکەوتکراوەکان و مووچەیی مانگانەی مووچە خۆرانی لێبدەن .



ڕیکلام