لەتیف مستەفا: داوای هیچ پۆستێکم لە گۆڕان و غەیری گۆڕانیش نەکردووە

  2020-10-14  | 
سلێمانی
لەتیف مستەفا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەتیف مستەفا رەتیکردەوە داوای پۆستی لە بزوتنەوەی گۆڕان کردبێت و دەڵێت، ئەگەر پۆستخواز بوومایە، لێیان دوور نەدەکەوتمەوە و رەخنەم لە چوونە دەسەڵاتی گۆڕان نەدەگرت.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، لەتیف مستەفا ڕایگەیاندووە، "بەداخەوە هەندێک کەسی دەروون نەخۆش کە پێشتر لەسەر هەندێک کێشە کە ڕووی باسکردنیان نیە، دەرکراون و ژووریان لێ سەندراوەتەوە، هاندراون دژمان و پڕپاگەندە دروستدەکەن".

دەشڵێت، "هەرگیز داوای هیچ پۆستێکم لەگۆڕان و غەیری گۆڕانیش نەکردووە ، بگرە چەند جارێکیش لەلایەن گۆڕانیش و پێش گۆڕانیش پۆستم بۆ پێشنیاز کراوە، «بەبەڵگەوە ئەگەر پێویست بێ باسیان دەکەم »، بەڵام بەمەرجی خۆم نەبوون، ڕەتمکردونەتەوە، لەم ڕوەوە بێ منەتی خۆم لەھەر کەس و لایەک ڕادەگەیەنم".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر لەیەک کەس و لایەن داوای بچوکترین پۆستم کردبێت یان داوای کاندید بوونم کردبێت، با بێ منەت بن ڕایبگەیەنن ، لەگەڵ گۆڕانیش تا لە ئۆپۆزسیۆن بوو بەدڵ و بەگیان بەرگریم لەو پرەنسیپ و دروشمانە کردبوون کە ھەلی گرتبوون، بەڵام کە چووە دەسەڵاتەوە خۆم لێ بەدوورگرتن، ئەگەر پۆستخواز بومایە لێیان دوور نەدەکەوتمەوە و رەخنەم لە چوونە دەسەڵاتی گۆڕان نەدەگرت لەکاتی خۆیدا".

لەتیف مستەفا ڕاشیگەیاندووە، "من ھەرگیز پۆستم وەک دەسکەوت و ئیمتیاز تەماشا نەکردووە، بەڵکو وەک ئامڕازێک بۆ خزمەتکردن، بۆیە نەمویستووە بەھەر شێوازێک بێت پۆست وەربگرم، بۆیە کە زانیومە بەو مەرج و بەو شێوەیە نیە کە بتوانم لەو پۆستەدا خزمەتی تیا بکەم ڕەتمکردۆتەوە یان دەستم لەکارکێشاوەتەوە، بۆیە لەو شوێنانەی کە کارم تێدا کردووە جا لە دادگا بێت یان زانکۆ یان پەرلەمان، بەو ڕوحیەتە و بەو بێ منەتیە کارم کردوە، ئەگەر سەرکەوتنێکیشم بەدەست ھێنابێت ئەوە نھێنیەکەی بووە، ئەوانەش لە نزیکمەوە بووبن لەھەرسێ ئەو بوارەدا شایەتیم بۆ دەدەن".

دەشڵێت، "تەمەنم گەیشتۆتە ٥٥ ساڵ، پێش گۆڕانیش و لە سەردەمی گۆڕانیش ھەمیشە لە بەرەی خەڵک بووم و بەرگریم لەو پرەنسیپانە کردووە،کە باوەڕم پێیان بووە، دوای گۆڕان و تا مردنیش ھەروا دەمێنمەوە".

لەتیف مستەفا لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا نوسیویەتی، "ئەگەر پێویستی کرد وردەکاریش دەنوسم، بەڵام با جارێ چیتر خوێنەران بە شتی کەسی و لاوەکی بچوک سەرقاڵ نەكەم".



ڕیکلام