ئەمریكا پێنج ئەرشیفی دیكە بۆ عێراق دەگێڕێتەوە

  2020-10-15  | 
فۆتۆ: ئەرشیف
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەنیازە لە ماوەیەكی نزیكدا پێنج ئەرشیفی گرنگی رژێمی پێشووی عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، كە لە نێ,یاندا چەندین ئەرشیفی تایبەت بە كوردی تیادا هەیە.


نەوفەل ئەبو رەغیف، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری عێراق، رایگەیاند: سەرەتای مانگی ئەیلولی رابردوو، دوای (15) ساڵ بەڵگەنامەكانی سەركردایەتی حیزبی بەعسی عەرەبیی هەڵوەشاوە - بەشی عێراق، لە واشنتنەوە گەڕێنرانەوە بەغدا كە هەزاران بەڵگەنامەی مێژویی بوون.

ناوبراو بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندووە، ئەو ئەرشیفانەی بریشارە ئەمریكا بیداتەوە بە عێراق بریتین لە (ئەنفال، حیزبی بەعس، زیندانە نهێنییەكان، ئاسایش و هەواڵگری).

ئەو بەڵگەنامانە لە ساڵی 2005وە لە فێرجینیای رۆژئاوا لە وڵاتی ئەمریكا بە سەرپەرشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هەڵگیرا. لەوێ یەكێك لە بەڵێندەرەكانی پێنتاگۆن، لەگەڵ ژمارەیەك لە دانیشتووانی ناوخۆییدا رێككەوت، بۆ رێكخستنەوەی بەڵگەنامەكان و پێڕستكردنیان بەهاوكاریی چەند كەسێك كە زمانی عەرەبییان دەزانی. 

دوای ئەوەش ئەرشیڤەكە بۆ دامەزراوەی هۆڤەر گواسترایەوە كە سەر بە زانكۆی ستانفۆردە لە كالیفۆرنیا، رێگە بە گەیشتن بەبەڵگەنامەكان نەدەدرا، تەنیا لە ژێر چاودێرییەكی توونددا نەبێت. هیچ بەڵگەنامەیەكی ئەرشیڤەكە لەسەر ئینتەرنێت بڵاونەكرایەوە. هەروەها رێنوێنی تووند درایە توێژەرەكان، كە هیچ وردەكارییەكی ناو ئەرشیڤەكە لەبارەی عێراقییە یاخیبووەكانەوە بە كەس نەدەن.
 
كۆمەڵەی ئەمیندارانی هەڵگیراوە ئەمریكییەكان و یەكێتی ئەمیندارانی هەڵگیراوە كەنەدییەكان، لە راپۆرتێكدا لە ساڵی 2008، وتیان پێویستە ئەرشیفەكە بۆ حكومەتی فیدراڵی عێراق بگێڕدرێتەوە. 

ساڵی 2013، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، هەوڵیداوە ئەرشیفەكە وەربگرێتەوە و بیگێڕێتەوە بۆ عێراق، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمریكا گومانیان لە نیازی مالیكی هەبووە لەو هەنگاوەدا، بەتایبەت كە ئەو بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی تایفییانە تۆمەتباركرابوو و ترس هەبوو لەوەی، ئەرشیفەكە بۆ مەرامی تایبەتی خۆی بەكاربهێنێت.


ڕیکلام