وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند تا ئێستا زیاتر لە 2500 كارمەند و ستافی تەندروستی تووشی كۆرۆنا بوون و لە نێویشیاندا 49 كەسیان گیانیان لەدەستداوە.
ئاسۆحەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا كەمبكەینەوە بۆیە هەوڵەكانمان چڕكردووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی: ئامارەكانی تووشبوونی كارمەندانی پزیشكی مەترسیدارە زیاتر لە دوو هەزار و 500 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون و 49 كەسیش گیانیان لەدەستداوە كە ئەوەش بۆشایی لە كاركردنی تیمە تەندروستیەكان دروست كردووە.
ئەو روونیكردەوە پێویستە گوشار لەسەر نەخۆشخانەكان كەمبكەینەوە بۆ ئەوەی تیمە تەندروستیەكان بپارێزین و چونكە ماوەی چەند ساڵێك هیچ دامەزراندنیش نیە و بووەتە هۆی دروستبوونی بۆشایی.
حەوێزی باسی لەوە كرد ئەو ئامارانەی ئێستا زەنگێكی مەترسیدارمان دەداتێ كە وامان لێدەكات بترسین لەوەی سەنتەرەكانی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا نەتوانن نەخۆشی نوێ وەربگرن وتیشی: بابەتی بەستنی ماسك ئێمە داوامانكرد بكرێتە ناچاری و دوێنێش لیژنەی باڵای روبەڕبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا ئەو كەسانە سزا بدرێت كە بە بەستنی ماسكەوە پابەند نابن.