ژمارەیەک لە ئێزدییەکانی ئەڵمانیا لە دژی رێکەوتنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر شنگال لەبەردەم پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا گردبونەوە و دژایەتی خۆیان بۆ رێکەوتنەکە دەربڕی.
چیچەک یەڵدز هاوسەرۆکی ناوەندی یەکێتی کۆمەڵە ئێزدییەکان رایگەیاند ئەوان ئەو رێکەوتنە قبوڵ ناکەن و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە.
وتیشی ئەو ڕێککەوتنە کە هیچ لایەنی یاسایی نییە و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، خزمەت بە کۆمەڵگەی ئێزدی ناکات ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەبێت.
داواشی لە هەموو هاوڵاتیانی ئێزدی لە ئەڵمانیا و ئەوروپا کرد بەشداری چالاکیەکان بکەن و دژی رێکەوتنەکە بوەستنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژی 9 ی ئۆکتۆبەر حکومەتی هەرێم رێکەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال ئەنجامدا، بەڵام رێکەوتنەکە کاردانەوەی توندی دانیشتوانی شارەکە و ئەنجومەنی خۆ بەڕێوەبەری شنگالی لێکەوتەوە و خۆپیشاندانیان لە دژی ئەنجامدا.