بە مەبەستی تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە بەرۆکی خوێندنی کوردیان لە کەرکوک گرتووە، شاندێکی خوێندنی کوردی، سەردانی وەزیری پەروەردەی عێراقیان کرد.
شێرزاد ڕەشید کاکە بەڕێوبەری خوێندنی کوردی لەکەرکوک ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/١٠/١٥، لەسەر ڕاسپاردە و پاڵپشتی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم و بە تەنسیق لەگەڵ نووسینگەی ناوبراو لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەیاوەری شاندێک لە خوێندنی کوردی سەردانی وەزیری پەروەردەی عێراقیان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ و بەسوودیان ئەنجامداوە و لە دیدارەکەدا نامەیەکی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیان گەیاندووەتە وەزیری پەروەردەی عێراق .
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا بە یاداشتێک هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە بەرۆکی خوێندنی کوردی گرتووە، خستوویانەتە بەردەست وەزیری پەروەردەی عێراق، لەوانە کێشەی تاقیکردنەوەکان و هەبوونی هەڵە لە پرسیارەکان و ناحەقی لە دابەشکردنی بەرپرسیارێتی بەش و هۆبەکانی ناو پەروەردەی مەرکەزی و ناحەقی لە دابەشکردنی کەلوپەل بەسەر قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لەلایەن کۆگاکانی پەروەردەی مەرکەزی و کێشەی خوێندنی ئەهلی و کێشەی گواستنەوەی میلاکات لە نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و چەند خاڵێکی دیکەش .
بەڕێوبەری خوێندنی کوردی لەکەرکوک ڕاشیگەیاند، وەزیری پەروەردەی عێراق بەڵێنی ئەوەی پێداون کە بە وردی و بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە دیراسەی داواکاریەکانیان دەکات .