بەدواداچوون بۆ هێرشکردنەسەر كارمەندانی دەرمانخانەیەک لە هەولێر دەکرێت

  2020-10-15  | 
هەولێر
وەزارەتی تەندروستی هەرێم بەدواداچوون بۆ گرتەڤیدیۆی هێرشکردنەسەر كارمەندانی دەرمانخانەیەک لە هەولێر دەکات
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ گرتەڤیدیۆی هێرشکردنەسەر كارمەندانی دەرمانخانەیەک لە شاری هەولێر دەکات.

ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتەڤیدیۆیەك كە هێرش دەكرێتە سەر كارمەندێكی دەرمانخانە بە هەڵسوكەوتێكی ناشارستانی و دوور لە مرۆڤایەتی، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری تەندروستی و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشكنین و بەدواداچوون و بەشی یاسایی بەدواداچوون لەم رووداوە دەكرێت و ڕێكاری یاسایی دەگرینەبەر.

ڕاشیگەیاند، لێرەوە جارێكی تر جەخت دەكەینەوە و داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەكەین، لەپێناو پاراستنی ماف و گیانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی دامودەزگا تەندروستیەكان لە كەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر بۆ دووبارەنەبونەوەی ئەم جۆرە ڕەفتار و ڕووداوانە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داواشی لە هاوڵاتیان کرد، بە گیانێكی مرۆڤدوستانەوە مامەڵە لەگەڵ دامودەزگا تەندروستیەكان بكەن.

ئەم لیدوانەی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی١٠ی٢٠٢٠، گرتەڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و تیایدا دەردەکەوێت کە لە شاری هەولێر دوو چەکدار هەڵدەکوتنە سەر دەرمانخانەیەک و بە شەق و زلە لە کارمەندەکانی دەدەن.



ڕیکلام