بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین

  2020-10-15  | 
تاران
بەهای تمەنی ئێرانی بەردەوامە لە دابەزین
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دراوە بیانییەکان بەردەوامە لە دابەزین و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بۆ زیاتر لە ٣٢ هەزار تمەن بەرزبووەوە .

بەپێی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی١٠ی٢٠٢٠، هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی کڕین و فڕۆشتنی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران، بە ٣٢ هەزار و ٢٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە، واتە نرخی هەر ١٠٠ دۆلارییەک بۆ ٣ ملیۆن و ٢٢٠ هەزار تمەن بەرزبووەتەوە .

ئەم دابەزینەش ریکۆردێکی نوێیە بۆ بێبەهابوونی تمەن بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، چونکە تاوەکو ئێستا بەهای تمەنی ئێرانی بەرامەبەر دراوە بیانییەکان بەوشێوەیە دانەبەزیوە.

دابەزینی بەهای تمەن بەم شێوەیە، دوای ئەوە دێت کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی بەسەر ١٨ بانکی ئێرانیدا سەپاند کە تاوەکو ئێستا ئەو بانکانە لە لیستی گەمارۆکانی واشنتندا نەبوون.

هەر دوێنێش سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاند، لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق ڕێککەوتوون بۆ ئازادکردنی پێنج ملیار دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانیان و ئەو لێدوانانەش  یارمەتی دانەبەزینی زیاتری بەهای تمەنی ئێران نەدا.



ڕیکلام