فەرماندەیەکی یەبەشە: ڕێککەوتنەکەی هەرێم لەگەڵ بەغدا رێککەوتنێکی زەرد بوو

  2020-10-15  | 
دهۆک
دژوار فەقیر فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەیەکی یەبەشە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنەکەی هەرێم لەگەڵ بەغدا تەنها رێککەوتنێکی زەرد بوو، دەشڵێت، ئێمە ئەو رێککەوتنە بە خیانەت و کارەساتێکی تر بۆ ئێزدییەکان لەقەڵەمدەدەین و هەرگیز قبوڵی ناکەین.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تۆڕی هەواڵی ژیاندا، دژوار فەقیر فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) رایگەیاند، "ئەوی ناوی دەنێن ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ئێمە بە ڕێککەوتنێکی کوردستانی نایزانین، بەڵکو ڕێککەوتنێکی زەرد بووە، واتە زیاتر پارتی ڕۆڵی تێدا بینیوە و لە بەرژەوەندی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال بەگشتیدا نییە، چونکە لەبنەڕەتدا ئەو ڕێککەوتنە بۆ بەرژەوەندی شنگال و خەڵکەکەی نەکراوە، بەڵکو ڕێککەوتنێکی زیاتر بازرگانییە و ئێزدییەکانی شنگال و ئەو هیز و لایەنانەی خوێنیان بەخشیوە بۆ ئازادکردنی شنگال، هیچ بوونێکیان لە ڕێککەوتنەکەدا نییە و تەنانەت بۆچونیشیان وەرنەگیراوە و ئەو ڕێککەوتنە سەرلەبەری لای ئێمە ڕەتکراویە".

وتیشی، "ئێزدییەکان و خەڵکی شنگال بەگشتی پێش ئێمە و پێش هەموو کەسێکی تر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ئەو ڕێککەوتنەیان ڕەتکردەوە ، ئێمەش کە لەو خەڵکەوە هەڵقوڵاوین بێگومان پاڵپشتی هەڵوێستەکەیان دەبین و بەهیچ شێوەیەکیش قبوڵناکەین هیچ بڕیار و ڕێککەوتنێک بەسەریاندا بسەپێندرێت".

ئەو فەرماندەیەی یەبەشە داواشیکرد، خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت لەبەرامبەر ئەو کارەی پارتیدا، وتیشی، "سەبارەت بەو موزایدانەی کە پارتی دەیکات کە ئێمە بە هۆکاری نەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان تۆمەتبار دەکات، دەمەوێت بڵێم کە ئێمە یەکەم کەس بووین داوای گەڕانەوەی ئاوارەکانمان کرد بۆ زێدی خۆیان و یەکەم کەسیش بووین لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوەش بەردەوام داوای ئەوەمانکردووە کە دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و خەڵکە زیانلێکەوتووەکەی قەرەبوو بکرێنەوە و قەزاکە ئاوەدان بکرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە بەردەوام ئەوە بەگوێی ئاوارە ئێزدییەکاندا دەدات کە شنگال شوێنێکی مەترسیدارە و هەرکەسێک بگەڕێتەوە مەترسی لەسەر ژیان و ماڵ و منداڵەکەی هەیە، هەر بۆیەش ئێمە بەدڵنیاییەوە دەلێین کە دژی هیچ ڕێککەوتنێک نین کە لەبەرژەوەندی شنگال و خەڵکەکەیدا بکرێت، بەڵام بەمەرجێک دووربێت لە مەرام و بەرژەوەندی سیاسی و دەبێت خەڵکی شنگال خۆیان بڕیار لەسەر ئایندە و چارەنووسی قەزاکەیان بدەن" .

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی تاچەند ڕاستە کە دەڵێن یەکینەکانی بەرخودانی شنگال لەچوارچێوەی حەشدی شەعبیدا موچە و هاوکاری سەربازی لە حکومەتی عێراق وەردەگرن؟، دژوار فەقیر رایگەیاند، "لەسەرەتای دروستبوونەوەی ئەم هێزەدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هاوکاریمان دەکرا بەڵام شتێکی زۆر کەمبووە و ئەوە نەبووە کە خەڵکی باسی دەکرد، لە ئێستاشدا هیچ هاوکارییەک وەرناگرین".

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەش کە باس لەوە دەکەن، یەکینەکانی بەرخودانی شنگال ڕاستەوخۆ سەر بە پەکەکەن، دژوار فەقیر وتی، "ئێمە لەگەڵ ئێزدییەکان و خەڵکی شنگالین بەگشتی و لەناخی ئەوانەوە هەڵقوڵاوین، هەر لەو کاتەی کە ئەمانەی ئێستا ڕێککەوتنی بازرگانیان لەسەر شنگال کرد و ئێزدییەکانیان لەناو دەستی داعشدا بەجێهێشت، هەر بڕیارێک لەدەرەوەی شنگالەوە بێت لای ئێمە جێبەجێناکرێت، تەنانەت ئەگەر پەکەکەش بڕیار لەدژی بەرژەوەندی ئێزدییەکان بدات قبوڵی ناکەین، هەر بۆیەش ئەو دەنگۆ و تۆمەتانە تەنها بۆ ئەوەن ئێمە ناشرین بکەن لەچاوی ئیزدییەکاندا کە ئەوەش خەیالێکی خاوە".

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ژیان، ئەو فەرماندەیەی یەبەشە ڕایگەیاند، "ئەگەر پێداچوونەوە بەو رێککەوتنەی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکرێت و ئیزدییەکانی شنگالیش تێیدا شوێنیان هەبێت و ڕێگەیان پێ بدرێت خۆیان بڕیاری گونجاو لەبارەی قەزاکەیانەوە بدەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێمە قبوڵی دەکەین، بەڵام ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنی بکرێت، ئێمە ئەوە بە خیانەت و کارەساتێکی تر بۆ ئێزدییەکان دایدەنێین و هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستەی کە ئێمە ناچاربکرێین هەڵوێستێکی لە ڕەتکردنەوە زیاتر وەربگرین".



ڕیکلام