وەزیری رۆشنبیری وەڵامی مەسرور بارزانی دەداتەوە

  2020-10-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری رۆشنبیری بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ وەڵامی سەرۆكی حكومەت دەداتەوە لەبارەی پەیامەكەی ئەمڕۆی لە بارەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە و دەڵێت هەڵەیەكی گەورەیە كاراكتەرە باڵاكانی حكومەت تاكلایەنە پەیام و بڕیار بدەن سەبارەت بەرۆژە كارەساتبارەكان.


حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەندامی تیمی یەكێتیە لە حكومەتدا لە پەیامێكیدا بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ وەڵامی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیداوەتەوە لەبارەی ئەو پەیامەی ئەمڕۆی بڵاویكردەوە لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە. 

وەزیری رۆشنبیری لە پەیامەكەیدا دەڵێت: مادام حكومەت حكومەتی هەموانە حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە، دەبێ هۆكاری چارەسەركردنی كێشەكان و ساڕێژكردنی برینەكان بێت، نەك كولاندنەوەی برینەكان.

ناوبراو ئەوەشی وتووە "هەڵەیەكی گەورەیە كاراكتەرە باڵاكانی حكومەت تاكلایەنە پەیام و بڕیار بدەن سەبارەت بەرۆژە كارەساتبارەكان بۆمەرامی حیزبی".

دەقی پەیامەكە: 
پەیامێك 

تیمی وەزاری یەكێتی هەر لەسەرەتای بەشداریكردنی لە حكومەتدا لەسەر بنەمای دەوڵەتداری كاریكردوە و هەوڵیداوە حكومەت تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان نەكات، دژی ئەو ئیرادەیەش بووە.

حكومەتی هەرێم دامەزراوەی نیشتیمانیی و دەستووریی و متمانە پێدراوی نوێنەرانی گەلە لە پەرلەمان و پێكهاتەی سەرەكی دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لە هەرێم و بەرپرسە لە بەرامبەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتە سیاسی و ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكانیانەوە .

مادام حكومەت حكومەتی هەموانە حكومەتی سەرتاسەری هەرێمی كوردستانە، دەبێ هۆكاری چارەسەركردنی كێشەكان و ساڕێژكردنی برینەكان بێت، نەك كولاندنەوەی برینەكان چەتری كۆكەرەوەی هەموو لایەنەكان بێت، نەك هۆكاری تەفرەقە و گرژی دروستكردن.

 ئەگەر بڕیارە حكومەت باس لە هەموو رووداوە كارەسات بارەكان بكات كە بەسەر میللەتەكەمان هاتوون ئەوە ئەبوایە لەیادی ۳۱ ئاب دا ئەو خیانەتەی شەرمەزار بكردایە، كە لە دەرئەنجامی ئەو خیانەتەدا‌، پەرلەمان وحكومەتی هەریمی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعس و سەدام حسێنەوە داگیر كران. 

ئەبوایە حكومەت باسی ئەو جینۆسایدەی بكردایە كە بەسەر ئێزدییەكان هات و سەدان هەزاریان ئاوارە و سەرگەردان و دەیان هەزار كەسیشیان كران بە كەنیزەك، شەهیدكران، یان لە ئۆردوگاكاندا بێ سەرپەرەشت مانەوە. 

لەمێژووی گەلەكەماندا رۆژانی زۆری رەش و كارەساتبار هەن هەڵدانەوەی لاپەرەكانی ئەو  رۆژانە خزمەت بەیەك ریزی و  ئاشەتەوایی كۆمەلایەتی ناكەن.

هەروەها ئەبوایە حكومەت هەڵوەستەی جدی كردبا لەسەر ١٦ی ئۆكتۆبەر و بێ لایەنگیریی سیاسی، بكەر و هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەو كارەساتەی بۆ بەردەم دادگای گەل ئاشكرا بكردایە، هەڵەیەكی گەورەیە كاراكتەرە بالاكانی حكومەت تاكلایەنە پەیام و بڕیار بدەن سەبارەت بەرۆژە كارەساتبارەكان بۆمەرامی حیزبی.

حمەی حمە سعید 
وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان


ڕیکلام