تیمی پارتی لە حكومەت: 31ی ئابی پیرۆز جیاوازە لە 16ی ئۆكتۆبەر

  2020-10-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تیمی حكومەتی پارتی هێرش دەكاتە سەر یەكێتی و ئاماژە بەوە دەكات كە 31ی ئاب پیرۆزە و 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتە، ئاماژە بەوەش دەكات ئەو هەڵمەتەی دوێنێ لە دژی یەكێتی كردویانە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی ساڵیادی ریفراندۆم بووە.

تیمی وەزاریی پارتی لەپەیامێكدا كە وەك وەڵام بە تیمی حكومەتی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە دەڵێت "لە دەستدانی نیوەی خاكی كوردستان لە 16 ئۆكتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31 ی ئابی پیرۆز، كە بڕیاریوو ئەوكاتیش هەولێر و كوردستان بە دەردی ئێستای كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تر ببەن".

لەو راگەیەندراوەدا تیمەكەی پارتی ئاماژەی بەوە كردووە ئەو هێرشەی دوێنێ ئەنجامیانداوە لە وەڵامی هێرشی میدیاكان و بەرپرسانی یەكێتی بووە لە ساڵیادی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستاندا كە دەبوو ئەو كاتە تیمی یەكێتی نەیانهێشتبایە ئەو هێرشانە بكرێتە سەریان.  

دوێنێ بەیانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكیدا كە لەبارەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بڵاوكردەوە، تیایدا وتبووی "هەرگیز زامی خیانەتی خاكفرۆشانمان بیر ناچێتەوە، بەڵام لە خیانەت بە زامتر ئەوەیە، گەل خیانەتكار سزا نەدات".

ئەو پەیامەی سەرۆكی حكومەت كە نیگەرانی تیمی یەكێتی لێكەوتەوە و وەزیری رۆشنبیری لە راگەیەندراوێكدا وتی: هەڵەیەكی گەورەیە كاراكتەرە باڵاكانی حكومەت تاكلایەنە پەیام و بڕیار بدەن سەبارەت بەرۆژە كارەساتبارەكان.

 لەوبارەیەوە تیمی پارتی لە حكومەت دەڵێت "ناوی كەسیش لە پەیامی سەرۆكی حكومەت نەهاتووە دەربارەی خیانەتی شازدەی ئۆكتۆبەر ، بەڵام وەڵامدانەوەی تیمی وەزاری یەكێتی، ساخكردنەوەی ئەو خیانەتەیە بە سەر ئەو تاقمەوە".

لە راگەیەندراوەكەی پارتیدا ئەوەش هاتووە "ئێمە هەموو هەوڵێكمانداوە بابەتییانە باسی رووداوەكان، وەك خۆیان بكەین و هەموو كەس تێكەڵ نەكەین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێوە نەك تەنیا دەتانەوێ ڕاستییەكان پەردەپۆش بكەن، بگرە هیچ هەڵوێستێكیشتان بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوایانە نەبووە، كە بەرامبەر بە موقەدەسات و پیرۆزیی نەتەوەییمان دەكرێت".



ڕیکلام