سەباح هەورامی بۆ ژیان: ژمارەیەك كارمەند بە گرێبەست دادەمەزرێندرێن

  2020-10-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایگەیاند نەخۆشخانەیەكی نوێی تایبەت بە كۆرۆنا دەكرێتەوە، بڕیاریشە حكومەتی هەرێم ژمارەیەك كارمەندی تەندروستی بە گرێبەست دابمەزرێنێت.


سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: لە سلێمانی نەخۆشخانەیەكی (گەڕۆك) تایبەت بە تووشبووانی كۆرۆنا دەكرێتەوە، ئەوەش لەلایەن ژووری بازرگانی ئەڵمانیاوە ئەنجام دەدرێت كە لە عێراقدا سێ دانە دەبێت. 

ئەوەشی روونیكردەوە نەخۆشخانەكان گرێبەستەكەی لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی سلێمانی وا بڕیارە پێش سەری ساڵ تەواو بكرێت كە لە نزیك نەخۆشخانەی شۆڕ دروست دەكرێت، ئێمە لە هەوڵیشداین لەگەڵ ئەو نەخۆشخانەیەدا داوا لە حكومەتی هەرێم بكەین بۆ ئەوەی 100 بێدی دكەی بۆ زیاد بكەین بەوەش ببێتە 200 بێد، ئەگەر حكومەتیش نەیتوانی ئەوە بكات ئێمە داوا لە یەكێتی نیشتیمانی دەكەین كە ئەو كارەمان بۆ بكەن. 

بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی راشیگەیاند: ئەوان كارمەندی نەخۆشخانە نوێیەكە دابین دەكەن و وا بڕیارە حكومەتی هەرێم ژمارەیەك كارمەندی تەندروستی بە گرێبەست دابمەزرێنێت، وەك بەڕێوەبەرایەتیش ژمارەیەك كارمەند دەگوازینەوە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە. 
هەورامی لەبارەی زیادبوونی ئامارەكانی مردن بە كۆرۆنا لە سلێمانی رایگەیاند ئەو ژمارانە ژمارەی تەنها ناو سلێمانی نین بەڵكو خەڵكی هەولێر و كەركوك و شوێنەكانی دیكە هەیە كە لە سلێمانی گیان لەدسەتدەدەن. 

ناوبراو روونیكردەوە، پێشبینیەكانمان بۆ كۆرۆنا راست دەرچوون و هەموو ئەوانەی پێشبینیمان كردبوو وەك خۆی هاتونەتەدی، نەخۆش هەیە پێویستی بە چاودێری وردە بەڵام توانامان نیە بیان خەینە شوێنی چاودێری ورد، بۆیە داوا دەكەین هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن. 
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی: رێگای سەرەكی خۆپاراستن بەستنی ماسك و بەكارهێنانی ماسكە كە بەگرنگترین ڤاكسینیش دەزاندرێت لە ئاستی جیهاندا لەبەرئەوەی هیچ چارەسەر و ڤاكسینێك نیە بۆیە ماسك شوێوی هەموویان دەگرێتەوە. 
 


ڕیکلام