عێراق بۆ تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا ٤٥٠ دۆلار وەردەگرێت

  2020-10-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ناسر شبلی وەزیری گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژانە نزیکەی ٢٧٠ فڕۆکە بە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێپەڕ دەبێت و بۆ هەر فڕۆکەیەکیش بڕی ٤٥٠ دۆلار وەردەگیرێت.

شبلی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو فڕۆکانەی کە ڕۆژانە بە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێپەر دەبن دەگاتە ٢٧٠ فڕۆکە، کرێی هەر فڕۆکەیەکیش بۆ ئەو تێپەڕ بوونە دەگاتە نزیکەی ٤٥٠ دۆلار.

وەزیری گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی لە ئێستادا دەستیکردووە بە کارکردن لەسەر گرێبەستەکانی تایبەت بە ڕادار و پەیوەندییەکان، بە تایبەت لەدوای ساڵی ٢٠١٤ و کۆمپانیاکە سەرجەم ئەو پەیوەندییانەی گێرایەوە کە لەو کاتەوە پچڕێنرابوون.

لە گەرمەی جەنگی داعش و داگیرکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی عێراق لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە، گەشتی ئاسمانی هێڵەکانی فڕۆکەوانی بەسەر ئاسمانی عێراقدا زۆر کەمبووەوە، چونکە مەترسی ئەمنی هەبوو لەسەریان و فڕۆکەخانەی هەندێک لەو پارێزگایانەش پەکیان کەوت دوای ئەوەی شارەکان لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکران.



ڕیکلام