هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان ئیدانەی سوتاندنی بارەگای پارتی کرد لە بەغدا

  2020-10-17  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان ئیدانەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە بەغدا، و داواشی لە حکومەت کرد ڕێوشوێنی پێویستی بگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە.

هاوپەیمانێتییەکە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە "ئیدانەی سوتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین لە بەغدا، بە تایبەت کە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو کارە ئەنجام دراوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێگەدان بە گەڕانەوەی دیاردەی توندوتیژی و کاری سوتاندن، ئاماژەیەکی مەترسیدار و نەرێنییە و کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە بەگشتی، دەبێتە هۆی شێواندنی بنەماکانی کاری دیموکراسی، کەلەسەر بنەمای ئازادی ڕادەربڕین بنیاتنراون، هەروەها ئاماژەیەکیش بۆە لاوازی ڕێوشوێنەکانی حکومەت و بێ توانایی دەزگا ئەمنییەکان، بۆ ڕێگریکردن لە کاری سوتاندن و تێکدەرانە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان داوای لەسەرجەم هاوبەش و هێزە سیاسییە نیشتیمانییەکان کردووە، زمانی گفتوگۆ زاڵ بکەن بەسەر شێوازەکانی هەڕەشە و تۆڵەسەندنەوە و تیکدان، چونکە تەنها دۆڕاو لەو کارە عێراق و گەلەکەیەتی.

 

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لەبەغدا لایەنگرانی حەشدی شەعبی بەهۆی لێدوانێکی هۆشیار زێبارییەوە چونە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سوتاندیان.



ڕیکلام