ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئیدانەی سوتاندنی بارەگاکەی پارتی کرد

  2020-10-17  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبۆوە و گفتوگۆی کرد لەسەر دوا پێشهاتە ئەمنییەکان و روداوی سوتاندنی بارەگای پارتی دیموکرانی کوردستان لە بەغدا و ئیدانەی سوتاندن و هەڵکوتانە سەر بارەگەشی کرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دوا پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی کراوە، بە تایبەت روداوی سوتاندنی باەرگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانەوە، کە ئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەکانیان پێشێلکرد و پەنایان بۆ توندوتیژی برد و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئیدانەی ئەو کارەی کرد وە بڕیاریدا بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە بکاتەوە و هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی کە پەبپرس بوون لە پاراستنی بارەگاکە و دەوروبەری.

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە ڕوداوەکە و تا ئیستاش ١٥ کەس لەو پێشێلکاری یاسا دەستگیر کراون.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جگە لە ئیدانەکردنەی ڕوداوەکەوە، رەتیشیکردەوە سوکایەتی بە هەیبەتی دەوڵەت بکرێت، جەختیشکرایەوە لەوەی حکومەت ڕێوشوێنی توند دەگرێتە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت هەیبەتی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا بشکێنن.

داواشی لە هێزە سیاسییەکان کردووە بە وریاییەوە لێدوان بدەن ، چونکە دەبیتە هۆی لەقکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەکردنی قەیرانەکان لەڕێگەی گفتوگۆ و کەنالە سیاسییەکانەوە.

 



ڕیکلام