پۆمپیۆ: مامەڵەی فرۆشتنی چەک لەگەڵ ئێران سزای بەدواوە دەبێت

  2020-10-18  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی پێشێلکردنی گەمارۆی فرۆشتنی چەکی کرد بەسەر ئێران و رایگەیاند، هەر سەودایەکی فرۆشتنی چەک لەگەڵ ئێراندا بکرێت سزای بەدواوە دەبێت.

لە بەیاننامەیەکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەناردەکردنی چەکی ئاسایی بۆ ئێران، پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ١٩٢٩ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بە هەمان شێوە کڕینی چەک و تەقەمەنی لە ئیران، پێشێلکردنی بڕیاری ١٧٤٧ی ئەنجومەنی ئاسایشە.

پۆمپیۆ ڕایگەیاند "پێدانی چەک بە ئێران دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی زیاتری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و چەکەکان دەگاتە دەستی تیرۆریستەکان و ئەو کەسانەی لە بری تاران شەڕ دەکەن، جگە لەوەش دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل و دەوڵەتانی دیکە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، هەر وڵاتێک بەربەرەکانێ  بکات لەو ڕوەوە، ئەوا بەشێوەیەکی ئاشکرا ململانێ و ناکۆکی و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا پۆمپیۆ ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خواستی ئاشتی هەیە لەگەڵ ئێراندا، هیواداریش بوو ئەو ڕۆژە بێت، کاتێک سەرکردەکانی ئیران دەستبەرداری خەونی هەناردەکردنی شۆڕش دەبن، ئەو کاتەش هاوبەشێکی دڵفراوانی وەک واشنتۆن دەبیننەوە.

سەرباری فشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی کرینی چەک بەسەر ئێراندا، بەڵام ئەمڕۆ کۆتایی هات بەو کۆت و بەندە، کە وەک مەرجی رێککەوتنی ئەتۆمیەکەی کە ئیران لەگەڵ زلهێزەکاندا ئیمزای کردووە لە ساڵی ٢٠١٥ .

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران دەربارەی ئەو بەرەوپێشچوونە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی، دواتریش وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لە بواری چەکدا ئێران پشت بەخۆی دەبەستێت، چونکە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ سزاکان ئێران پشتی بە پیشەسازی ناوخۆیی بەستووە.



ڕیکلام