واڵتەر بنیامین: چاوێکی مارکسیست بۆ بینینی مۆدێلپەرستیی لەناو سەرمایەدارییدا

  2020-10-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نووسینی: پێشڕەو محەمەد


لەم کورتە نووسینەدا هەڵوەستە لەسەر بابەت و تێمایەکی ناو فیکری بنیامین دەکەم کە کەمتر ناسراوە و ئاوڕی لێدراوەتەوە. 

کتوپڕێتیی، بەسەرچوون و کاتیبوون: ئەمە ئەو وشانەن بنیامین لە کتێبی «پڕۆژەی پاساژەکان»دا پێناسەی مۆدێل (فاشن)ی پێدەکات. لەو کتێبەدا، کە لە گۆشەنیگای مارکسیزمی عەوامەوە، ناباوە، هەروەها نووسەری «تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژوو»، بنیامین، فایلێکی تەواو [خۆی بە کۆنڤولت ناوی دەبات] بۆ لێکۆڵینەوە لە مۆدێل تەرخان دەکات. 

پێویستە لەبیرمان بێت کە ئەم کتێبە بریتییە لە مۆنتاژێکی ئەدەبیی ئیقتباسەکان و ڕامان و بیرکردنەوەکان. ڕێکخستنی بیر و هزرەکان، فراگمێنتەکان، هەڵگرتنەوەی پەرەگراف و پەراوێزەکانی کتێبەکانی دیکە تا بەشێوەیەکی سەربەخۆ ببێتە ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ لە پڕۆژەی سەرمایەداریی مۆدێرن. پاریس، پایتەختی سیاسەت وەک فریدریش ئەنگڵس ناوی لێنابوو، چونکە لەوێ بوو یەکەم شۆڕشی بۆرژوازیی ڕوویدابوو و پاشان کۆمۆنەی پاریس سەریهەڵدابوو، لای بنیامین شاری نموونەیی مۆدێرنیتە بوو. لێرەوەیە گرنگیی لێکۆڵینەوە مەزنەکەی دەبینین: لێرە بوو باڵادەستیی سیاسیی بۆرژوازیی و یەکەم پەلامارە گەورەکان بۆسەر ئەم نەزمە، سەریهەڵدا. 

پاریس تینوێتیی ڕوون و ئاشکرای مۆدێلە. تەنانەت ئەمڕۆش، پاریس شاری ڕێڕەو و شەقامە باریکەکانە. دیزاینی مۆدێل لە پاشایەتیی فەڕەنسییدا کاتێک دەرکەوت کە گروپێک لە هونەرمەندان بڕیاریاندا ئەو مۆرک و نیشانانە بخەنە سەر جلو بەرگەکان کە بەهۆی زیرەکیی و لێهاتووییانەوە دروستکرابوو و هەروەها پاشان هەر دیزاینەرێکی باش کۆچ بۆ پاریس دەکات بەتایبەت ئەوانەی هەوڵیان دەدا جلوبەرگی دیزاینکراوی خۆیان بە کۆشک و دەرباری پاشایەتیی بفرۆشن. میراتبەرانیان: هێرمس، چانڵ و ئەوانیدیکە لە سەدەی بیستدا دامەزرێنران.

باڵۆن، پۆلیس، مۆدێل: چۆن ئەمانە حوکممان دەکەن

بنیامین باس لەوە دەکات مۆدێل (فاشن) سیانەی باڵادەستییە. «حاکمان هەوڵی پاراستنی پێگەکانیان بەخوێن (پۆلیس)، فریودان (فاشن)، جادوو (باڵۆن) دەدەن». ئەمە واتا فاشن گەڕانێکی هەمیشەیی و ئەبەدییە بەدووی تازەیەتیی، مەرگ و گۆڕانکارییدا. 

سەرمایەداریی، لە ڕووبەڕووبوونەوەی داوەشان و نامۆبوونیی ئەبەدیی خۆیدا، وا لە کرێکار دەکات لەوپەڕیی بێزاریی و وەڕەسییدا کار بکات، هەموو ڕۆژێک ماندوو، شەکەت، هیچ ڕۆژێک شتێکی نوێ نەبیستێت، ژیان بۆ کرێکار لەناو سەرمایەدارییدا، کاری سیزیفییە. لەخەو هەڵسان، نانی بەیانیی (بەدەگمەن، لە ئەمڕۆدا سەفەریی)، ڕۆیشتن بۆ سەر کار، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، خواردنی نانی ئێوارە، ڕەنگە حەمام کردن، پاشان خەوتن. ئیتر وێنای سبەی بکەن. باڵادەستیی ئەبەدیی کاری بەکرێی ڕۆژانە وادەکات ژیان کەمترین ڕەهەندی سەرکێشیی و پاڵەوانانەی هەبێت. چ بۆ ئەو کەسانە تازەیە، کە زیاتر لە ٢٠، ٣٠، ٤٠ ساڵ کاریان لە هەمان شوێندا بە هەمان ڕۆتینی ڕۆژانە کردووە، لە نابێت بە هیچ جۆرێک نەزمی کارکردن بشکێنن و دەبێت لەسەر ڕژێمی کاری بەکرێ بەردەوام بن؟

باشە. بنیامین دەڵێت فاشن بەلاڕێدابەرە. فاشن دەیەوێت پێمان بڵێت شتێکی نوێ لەناو ئەو هەموو کۆنییەدا هەیە بیبینین، شتێکی نوێ بۆ بیستن، شتێکی نوێ بۆ دەربڕین و شتێکی نوێ بۆ خوێندنەوە. ئەمە واتا مەرگی ئەبەدیی تازەیەتیی بریتییە لەو لۆژیکەی یارمەتیی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە دەدات. با ببینین. 

بنیامین دەڵێت «زەروورەت و پێداویستیی بۆ هەستیاریی هەمیشە ڕەزامەندیی و تێربوونی خۆی لە مۆدێلدا دۆزیوەتەوە. بەڵام لە بنچینەی خۆیدا تەنها لەڕێگای لێکۆڵینەوەی تیۆلۆژییەوە دەکرێت دەستپێڕاگەیشتن پێی ڕووبدات، چونکە لێکۆڵینەوەیەکی وەها بۆ ئاراستەیەکی قوڵی کاریگەر بۆ پرۆسەی مێژوویی لە بەشی بوونی مرۆییدا دەدوێت». نوقسانیی لە ئەزمووندا، نوقسانیی لە تازەیەتییدا، ئەو شتەی دەچێتە سەرووی ئێمەوە، ئەوەیە کە سەرمایەداران دەستدەکەن بە دامەزراندنی هونەرمەندان، دەیانگۆڕن بۆ دیزاینەران تا ئەزموونەکانی تازەیەتیی دروستبکەن.

سیانەتییەکە: ئەوان دەتوانن لەڕێگا و هاوشانی پۆلیسەوە، بمانچەوسێننەوە و سەرکوتمان بکەن. کەواتە فاشن بەشداریی لە سەرکوت و چەوساندنەوەدا دەکات. ئەوان دەتوانن لەڕێگای جادووەوە بەلاڕێماندا بەرن (واتا پروپاگەندەکردن بۆ داهاتوو لەلایەن سیاسەتمەدارانی ڕۆژەوە) و هەروەها فریومان بدەن. پۆلیس، جادوو (پروپاگەندە) و فریودان (فاشن) سیانەی سەرکوتکاری ناو سەرمایەداریین.


کاڵا: پێگەی کۆمەڵایەتیی

بەڵام با لەوەش زیاتر بڕۆین. بنیامین لە «کاری هونەریی لە سەردەمی بەرهەمهێنانەوەی تەکنیکییدا» دەڵێت «خەرمانە» لەلایەن سەرمایەوە لادەبرێت، بەڵام لە مۆدێل (فاشن)دا «دەگەڕێتەوە ناو ژیان» یان «ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە». لە کۆتاییدا ئەمە واتا: کڕینی مۆدێل، کڕینی خەرمانەیە. ڕوونتر: بە بەکارهێنانی مۆدێل وا هەستدەکەین چوارچێوەیەکی موقەدەس و باڵامان کڕیوە و وەک پشتێنە لەخۆمانی دەبەستین. ئەگەر سەرمایەداریی لە دەستێکدا خەرمانەی موقەدەسی خۆی بۆ ماوەیەکی کاتیی هەڵبگرێت، بۆ ئەوە ئەم کارە دەکات، هەموان بخاتە ناو تۆڕی مۆدێلەوە تا هەموان هەست بەوە بکەن خاوەن پێگەی یەکسانن، بەڵام لەڕاستیدا مۆدێل فێڵی سەرمایەدارییە بۆ ئەوەی هەست بە نایەکسانیی نەکەین و نامۆبوونی خۆمان لەناو ئەم سیستەمەدا لەبیربچێتەوە. 

پۆشاکێک بەهاکەی لە بازاڕێکی گشتیی و ئاساییدا چەندە و لە گەورەبازاڕێک (مۆڵێک)دا چەندە؟ بەڕاستیی لە دەرەوە و ناوەوەی بازاڕدا ئێمە چ شتێک دەکڕین؟ لە ناوەڕاستی فرەیی ژیانی مۆدێرندا، کە تیایدا دەژین، کڕینی فاشن، کڕینی پێگەیە، کڕینی پرێستیژ و شکۆی کۆمەڵایەتییە، کڕینی خەرمانەی تاقانەییبوونە. ئێمە خەریکین نرخێکی دە بەرانبەر زیاتر بەو جلوبەرگانە دەدەین کە تێچوونی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانیان ئێجگار هەرزانە: هێزی کار. هەموو ئەو مۆدێلانەی دەیکڕین، هەر پۆشاکێک لە بەری دەکەین، بە تێچوونی گۆشت و خوێن و ژیانی کرێکارێکی هەرزان دروستبووە. هەرگیز بیرتان لەوە کردۆتەوە مارکەیەکی ئەڵمانیی کە وەک مۆدێلی نوێی ڕۆژ دەیکڕن، نرخەکەی زیاترە لە کرێی مانگێکی دە کرێکاری بەنگلادیشیی کە هەمان ئەو مارکە ئەڵمانییە بەرهەم دەهێنن؟ هەر هەنگاوێکی خانمێک بە پێڵاوی ئاخر مۆدێلەوە، هەنگاونانە بەسەر لاشەی زیندووی بەنگلادیشییەکدا، هەر تیشرتێکی ئاخر مۆدێلی کوڕە لاوێک، تێکدانی ژیانی چەندین منداڵی بەنگلادیشییە. 

ئەگەر مارکس گوتوویەتی کاڵا خاوەن بەهای ئاڵوگۆڕ و بەهای بەکاربردنە: جیاوازیی چییە لە پۆشاکێکی بەرهەمهێنراو بە هەمان شێوە لە بازاڕێکی بچووک و نافەرمییدا بەڵام لە نیشانەی مارکەیەک دەفرۆشرێت؟ بێگومان: شکۆ و پرێستژی کۆمەڵایەتیی. مەبەستی ئەمەش تێرکردنێکی پێداویستیی کۆمەڵایەتیی ناماتریالییە: پڕکرندەوەی بەتاڵییمان تا لەگەڵ ئەوانیدیکەدا هەست بە یەکسانبوون بکەین، هەستکردن بەوەی هیچێتیی لەوانیدیکە جیامان دەکاتەوە، بیرکردنەوە لەوەی بە تەرخانکردنی بڕی دە بەرابەر گرانتر بۆ پۆشاکێک، ئێمە دەبینە تاقانە: خەرمانەی تاقانەیەتیی (die Aura der Einmaligkeit). 



سەرچاوەی ئیقتباسەکان:
Walter Benjamin: The Arcades Project, translated by Howard Eiland and Kevin McLaughlin, Harvard University Press paperback edition, 2002.


ڕیکلام