عێراق و فەڕەنسا 3 یاداشتیان ئیمزا کرد

  2020-10-19  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەکە لە عێراق و فەرەنسا سێ یاداشتی جیاجیان لە بوارەکانی گواستنەوە و کشتوکاڵ و فێرکردن ئیمزا کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ عێراق لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جان کاستیکس سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا، سێ یاداشتی لە بوارەکانی گواستنەوە و کشتوکاڵ و فێرکردن لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتە ئیمزا کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەگەل وەزیری کشتوکاڵ و خۆراکی فەڕەنسا، یاداشتێکیان ئیمزا کردووە بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات، لەپێناو بەهێزکردنی توانای دامەزراوەیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.

بەگوێرەی یاداشتەکە هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕی پسپۆڕی و شارەزایی دەکەن لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ڕاهێنان و فێرکردن و بواری ڤێتەرنەری و تەندروستی  ڕوەک و توێژینەوە کشتوکاڵییەکان.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو یاداشتەی لەگەڵ فەرەنسا ئیمزا کراوە لە بواری کشتوکاڵدا، هاندانی کۆمپانیا کشتوکاڵی و خۆراکییەکان دەدات لە بوارەکانی پیشەسازی کشتوکاڵی و خۆراکی و چۆنێتی گەشەپێدانی خاک و ئاو.

هاوکات وەزیری گواستنەوەی عێراق لەگەڵ هاوتا فەڕەنسییەکەی یاداشتیکیان ئیمزا کردووە سەبارەت بە دروستکردنی شەمەندەفەری هەڵواسراو لە بەغدا.

لە بواری فێرکردنیش عێراق و فەرەنسا لەسەر یاداشتێک ڕێککەوتوون، کە لەمەودوا بواری زیاتر دەدرێت بە خوێندکاری عێراق بۆ خوێندن لەزانکۆکانی فەرەنساو بەهێزکردنی  بواری فێرکردن لە نێوان هەردوولادا.

دوێنێ یەکشەممە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەچوارچێوەی ئەو سەردانەی بۆ ئەوروپا، بڕیارە سەردانی بەریتانیا و ئەڵمانیاش بکات.



ڕیکلام