ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سێ بەڕێوەبەری نوێی دیاریكرد

  2020-10-20  | 
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا سێ بەڕێوەبەری گشتی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە دەنگیان پێدرا.


بە گوێرەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە تەوەری یەكەمدا دەنگدان بۆ هەریەكە لە پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی و ئاوەدانكردنەوە و چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی كرا. 

لە كۆبوونەوەكەدا كە 29 ئەندامی ئەنجومەنەكە تیایدا بەشداربوون، موحسین حەسەن بارام، كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەڕێوەبەڕی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، ٢٢ دەنگی هێنا.

لە كۆبوونەوەكەدا ئیسماعیل ڕەشید محەمەد كاندیدی كۆمەڵی ئیسلامی  ٢١ دەنگی هێنا بۆ وەرگرتنی بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی. 

ئەوە جگە لەوەی  محەمەد جەلیل مەجید كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەڕێوەبەتی گشتی ئاوەدانكردنەوە ٢٥ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكەی بەدەست هێنا. 

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە حەوت فراكسیۆن پێكدێت، كە لەفراكسیۆنەكانی (گۆڕان 12 ئەندام، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان 11 ئەندام، خزمەت (یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان) 4 ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان 3 ئەندام، رافیدەین 1 ئەندام، هاوپەیمانی نیشتمانی كوردستان 1 ئەندام).