بنەماڵەی مەزلوم داغ و عەبدولڕەحمان شاهین نامەیەك ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی دەكەن

  2020-10-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بنەماڵەی مەزلوم داغ و عەبدولڕەحمان شاهین نامەیەكی كراوە ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن و داوای لێدەكەن واژۆ لەسەر بڕیاری لە سێدارەدانی كوڕەكانیان نەكات.


 بنەماڵەی هەریەكە لە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان شاهین كە لە سەر رووداوی كوشتنی بەرپرسێكی توركیا لە ڕۆژی ١٧ی تەمموزی ٢٠١٩ ریستۆرانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە نامەیەكی كراوەیان ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەریمی كوردستان كرد. 

ئەو دوو بنەماڵەیە ئاماژەیان بەوە كردووە، "ڕۆژی ١١ی شوباتی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی دادگاییكردنێكی كورتدا لەلایەن دادگای هەولێرەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا، ئەم بڕیارە بە شێوەیەكی بەپەلە ڕەوانەی دادگای باڵا كرا و لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٠ـدا ئەم سزایە لەلایەن دادگای باڵای هەولێرەوە لەسەر ئەم دوو گەنجە ئەرێ كرا".

ئەوەشیان وتووە: ئێستاش بۆ جێبەجێی كردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو گەنجە بڕیاری ئێوە پێویستە، وەك خانەوادەی ئەم دوو گەنجە لەناو گومان و خەمبارییەكی زۆر گەورە داین، ئێمە دوو خانەوادەی وڵاتپارێزین، لە تێكۆشانی ئازادیی كوردستاندا شەهید و بەهای قورسمان داوە، سزادانی دوو گەنجی كورد بە لەسێدارەدان ئێمەی تووشی سەرسوڕمان كردووە، بە دڵێكی خەمگینەوە بەرەو پیری ئەم سزایەدا دەچین.

بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە كە كەسێكیان بە ناوی عوسمان كۆسێ كوشت باس لەوەش دەكەن كە  "سزای ئەو گەنجانە پێویست نییە لەسێدارەدان بێت، سەرەڕای ئەمەش فەرمانی سزای لە سێدارەدان لەلایەن دادگای هەرێمی باشووری كوردستانەوە بە خەمێكی گەورەوە ئێمەی ڕووخاند".

لە رووداوی هێرشكردنە سەر كەسێك لە ناو ریستۆرانتی هۆقەبازدا، هێزە ئەمنییەكان 7 كەسیان دەستگیركرد، كە دوو لەوانە بەناوەكانی (مەزڵوم محەمەد زەكی) و (عەبدولرەحمان شاهین) تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكە بوون و بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

 دوای ساڵێك و دوو مانگ مانەوە لە زیندان و پێداچوونەوە بە دۆسیەكە، دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان رۆژی 15-9-2020 بڕیاریدا هەریەك لە تۆمەتباران (ئیسماعیل خەلیل محەممەد)، (رەجەب باقی عەبدولكەریم) بە دوو ساڵ زیندانیكردن و بەپێی ماددەی 273 لە یاسای سزادانی عێراقی سزابدرێن. 

هاوكات (سدقی كەریم خان مەحمود) و (ئەیوب ئیبراهیم مەلا)ش ماددەكەیان گۆڕدرا بە 247 لە یاسای سزادانی عێراقی و ماوەی زیندانییەكەیان تەواوكردبوو كە ساڵێك بوو، بۆیە ئازاد كران، هەر لەو رووداوەدا كەسێكی دیكە، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە رووداوەكە نەبوو هەرزوو ئازادكرا. 


ڕیکلام