تەندروستی سلێمانی: ئەمڕۆ سێ توشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

  2020-10-20  | 
سلێمانی
بەخاکسپاردنی تەرمی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەندروستی سلێمانی ئاماری ئەمڕۆی تووشبووانی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سێ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەستداوە .

یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی١٠ی٢٠٢٠، ٤٢ تووشبووی کۆرۆنا داخلی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی کراون و سێ کەسی دیکەش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

روونیشیکردووەتەوە، ئەمڕۆ لە هەرکام لە نەخۆشخانەکانی ئاسا، شەهید ئاسو و شەهید تاهیر تووشبوویەکی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند ڕۆژێک بوو ئاماری توشبوون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە شاری سلێمانی رووی لە زیادبوون کردبوو و بەرپرسانی تەندروستی شارەکەش چەندین جار هۆشداریان دایە خەڵک و رایانگەیاند، گەر بەو شێوەیە بڕواتە پێش، لە چەند مانگی داهاتوودا هەموو بنەماڵەیەکی سلێمانی ئازاری کۆرۆنا دەچێژێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راشیگەیاندووە، دڵنیابن بە پابەندبوونی ڕێنماییەکانی تاک پارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە پزیشکییەکان، دۆخەکە باشتر دەبێت.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکو ئەمڕۆ، ٦٣ هەزار و ٧٤٥ کەس لە هەرێم تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ٢١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٨ هەزار و ١٨٦ تووشبووش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە .



ڕیکلام