بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی سەرۆک وەزیرانی فینلەندا هەرا دەنێتەوە

  2020-10-20  | 
فەنلەندا
بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی سەرۆک وەزیرانی فەنلەندا هەرا دەنێتەوە
فۆتۆ: CNN
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی نیمچەڕووتی سەرۆک وەزیرانی فینلەندا کاردانەوەی خەڵکی ئەو وڵاتەی لێدەکەوێتەوە.

سانا مارین کە بووە گەنجترین سەرۆک وەزیرانی جیهان، کاتێک ساڵی رابردوو لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا وەک سەرۆک وەزیرانی فەنلەندا دەستبەکاربوو، بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی نیمچەڕووتی لە گۆڤاری ترێندی-دا کاردانەوەی خەڵکی وڵاتەکەی لێکەوتەوە.

ماری پالوسالۆ بەڕێوەبەری گۆڤاری ترێندی بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاندووە، کاتێک ٩ی ئەم مانگە وێنەیەکی نیمچەڕووتی سانا مارین لە گۆڤارەکەماندا بڵاوکرایەوە، رووداوەکە کاردانەوەی بەرچاوی لە شەقامی فینلەندا لێکەوتەوە و گۆڤارەکە ڕووبەڕووی رەخنە و توڕەییەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گشتی پیاوان ئەو کارەیان بە هەڵە زانیوە و ژنانیش بە سەرەنجڕاکێش لە قەڵەمیانداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پێشتر چەندین وێنەی ئافرەتانیان بەو جۆرە جلوبەرگانەوە لە گۆڤارەکەیاندا دابەزاندووە، بەڵام هیچکامیان بەو شێوەیە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا نەهێناوە.



بەڕێوەبەری گۆڤاری ترێندی راشیگەیاندووە، بەشێک لە رەخنەگران نیگەرانن لەوەی کە بۆچی دەبێ سەرۆک وەزیرانی فینلەندا وەک ژنە مۆدێلێک دەرکەوێت و بەشێکیشیان توڕەن لەوەی کە کاتی بڵاوبوونەی وێنەکە گونجاو نییە، پاساویشیان ئەوەیە کە ، لەکاتێکدا وڵات روبەڕووی قەیرانی کۆرۆنا بووەتەوە، نابێت سەرۆک وەزیران سەرقاڵی خۆ نمایشکردن بێت و کاتەکانی بەفیڕۆ بدات.

لە هەمان کاتدا بەشێک لە چالاکان و رووناکبیران پشتیوانیان بۆ سانا مارین دەربڕیوە و وێنەیەکی خۆیان بەو جلوبەرگانەوە بڵاوکردووتەوە کە سەرۆک وەزیرانی فینلەندا پۆشیویەتی.



ڕیکلام