ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە و پرۆژەی خزمەتی پەسەندکرد و ڕەزامەندیشیدا لەسەر لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ئامێری کشتوکاڵی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەی ئەنجومەنی وەزیران لە سەرەتای کۆبونەوەکدا سەرۆکی حکومەت هۆشداری داوە لە زیادبونێکی مەترسیداری کۆرۆنا و ڕایگەیاندوە هۆکارەکەی پابەندنەبونی بە رێکارەکانی خۆپارێزی.
هەروەها مەسرور بارزانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ڕێکارەکانی خۆپارێزیی و ڕێنمایی تەندروستی لە فەرمانگەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان زیاتر لە بەرچاو بگرن و تووندتر بکەن ، بە تایبەتیش کە پێشبینی دەکرێ بە هۆی هاتنی وەرزی زستان و سەرما ، شەپۆلێکی دیکەی پەتای کۆرۆنا بڵاوببێتەوە.
دواتر لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە ڕاپۆرتێک لەسەر پرۆژەی خزمەت خرایە ڕوو و ڕایگەیاند ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، بریتییە لە باشتركردنی ئاستی ئەو خزمەتانەی كە دامەزراوە جیاجیاکانی حكومەت، پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكات بە جۆرێکی ئاسانتر وخێراتر و پێداچوونەوە بەو ڕەسمانەی وەردەگیرێن لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانە.
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد مەبەستمانە لەڕێی ئەم بەرنامەیەوە ، بەباشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بكەین لەدامودەزگاكانمان تا ئەو ئاستەی دەگاتە خزمەتی( یەك پەنجەرەیی )ش.
دواتر ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەموو وەزارەت و دامەزراوەكان، لەژێر چاودێری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پێداچوونەوە بكەن بە یاسا ورێنماییەکانیان بۆ ئاسانترکردن وشەفافتر کردن و باشترکردنی کوالێتی پرۆسە و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە خزمەتەکان و پێداچوونەوەش بەرسوماتی ئەو خزمەتانە بكرێت.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشدا كە پۆڕتاڵێك هەیە بەناوی پۆڕتاڵی خزمەت لەڕێی ئەم پۆڕتاڵەوە، هاووڵاتییان دەتوانن زانیاری لەسەر ئەو خزمەت و ئەو مامەڵەیەیان دەستبكەوێت كە مەبەستیانە. ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتی و پشتگیریی خۆی بۆ پەرەپێدان وجێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە نیشاندا و پێشنیارەکانیش پەسندکران.
دواتر کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت کێشە و گرفت و ئاستەنگەکانی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاری پێویست ڕاسپارد لەو بارەیەوە.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاو ، پێشنیارێکی خستەڕوو بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ماددەی سەرەتایی کە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاوردە دەکرێن بۆ پڕۆژە کشتوکالییەکان کە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت، و هەروەها لێخۆشبوونی هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵیی پێشکەوتوو لە ڕەسمی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا تایبەتمەندانەی کە ئامادەن ئەو ئامێرانە هاوردە بکەن و بە مەرجی ئاسان و بە شێوازی قیست بۆ جووتیارانی ڕاستەقینە دابین بکرێن.
دوای گفتوگۆ ئەنجومەنی وەزیران لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم، ڕەزامەندی دا لەسەر پێشنیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو بۆ پشتگیریی جووتیاران و پڕۆژە کشتوکاڵیەکان، لەم پێناوەشدا هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و ناوخۆی ڕاسپارد بە هەماهەنگیی لەگەل وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کاری پێویست ئەنجام بدەن.