کاتی ناوتۆمارکردنی خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکان درێژکرایەوە

  2020-10-21  | 
هەولێر
ڕێکارەکانى خۆتۆمارکردن بۆ خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا درێژکرایەوە
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە پێناو بەرژەوەندی گشتى وەرگیراوانى خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان و لەسەر بڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم، دەسەڵات درا بە زانکۆکان بۆ درێژکردنەوەى کاتی ناوتۆمارکردن بۆ پرۆسەى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

سەرتیپ خاڵس بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم رایگەیاند، ئەمرۆ چوارشەممە ٢١ی١٠ی٢٠٢٠، ئەنجامى کۆتایی تاقیکردنەوەى زارەکی سەرجەم زانکۆ حکومییەکان لە لایەن وەزیرى خوێندنى باڵاوە پەسەندکراوە و ئاراستەى زانکۆکان کرا بۆ مەبەستى راگەیاندن و بڵاوکردنەوەى لەسەر وێبساتى فەرمى زانکۆکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆى دواکەوتنى ڕێکارەکانى پڕۆسەى خۆتۆمارکردن بۆ وەرگیراوانى خوێندنى دبلۆمى باڵا و ماستەر و دکتۆرا کە تاقیکردنەوەى توانستى زانستی زارەکیان ئەنجامدابوو و نەیانتوانیوە مامەڵەى خۆتۆمارکردن لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدەن، هەروەک بەهۆى هەبوونى سستى بەڕێوەچونى کاروبارەکانى وەرگیراوان لە هەندێک دامودەزگاکان لە شارە جیاجیاکانى هەرێمى کوردستان، لەسەر داواى ژمارەیەکى زۆر لە وەرگیراوان کە لە ماوەى رابردوودا رێکارەکانى خۆتۆمارکردنیان تەواو نەکردبوو و پاڵپشت بە ڕەزامەندی وەزیرى خوێندنى باڵا، دەسەڵات دراوە بە سەرۆکایەتى زانکۆکان بۆ مەبەستى درێژکردنەوەى پڕۆسەى ڕێکارەکانى خۆتۆمارکردن لە ڕێکەوتى (٢٢-١٠-٢٠٢٠) تاوەکو کۆتایی دەوامى فەرمی رێکەوتى (٢٨-١٠-٢٠٢٠) بۆ وەرگیراوانى خوێندنى دبلۆم و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان و لێرەدا دەستپێکى خوێندنى ئەکادیمی دەبێتە رێکەوتى (١-١١-٢٠٢٠).

بەڕێوەبەرى خوێندنى باڵا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم راشیگەیاند، "ئەم درێژکردنەوەیە دوایین درێژکردنەوەیەوە و پێویستە گشت وەرگیراوان سەرجەم مامەڵەکانى خۆتۆمارکردن لە ماوەى دیاریکراودا ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیاردەبن".



ڕیکلام